جۆینی تیلیگرام بن

ئیسرائیل بۆچی وادەکات؟

ئیسرائیل بۆچی وادەکات؟

ئەبوبەکر عەلی

کاردانەوە بێ سنوور و جەنگە نائەخلاقییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل دژ بە غەززە، لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لە بۆشاییەوە نەهاتووە،بەڵکو هەڵقوڵاوی کۆمەڵێ هۆکاری دەروونی و ئاینی و فیکری و سەربازی و ئەخلاقیە، لەوانەش:

١- خۆ لەسەر و مرۆڤ و میللەتانی ترەوە بینینەوەو سەیرکردنی ئەوی دی ئایینی و نەتەوەیی، بە مرۆڤی پلە دوو نیمچە مرۆڤ کە ئەوەش ڕیشەیەکی ئایینی هەیەلایان بەحوکمی ئەوەی جوولەکەکان خۆیان بەگەلی هەڵبژێردراوی پەروەردگار دەزانن!

٢- متمانە بە خۆبوونێکی زیاد لە پێویست و هەستکردن بە هێز و باڵادەستی زانستی و تەکنەلۆژی و سەربازی. ئەوەش ئەو قەناعەتەی لا دروست کردوون، کە هەرچیان بوێت دەتوانن بیکەن و هیچ هێزی نییە بتوانێت بە ڕوویاندا بوەستێتەوە.

٣/ هەستکردنیان بەوەی لەسەر و هەموو ڕێسا و یاسا و پێوەر و مەرجەعیەتێکی نێودەوڵەتیەوەن و هیچ کەس و هێز و ناوەندی نییە توانای لێپرسینەوەیانی هەبێت.

٤- هەستکردنیان بە لاوازی ڕەهای نەتەوەی عەرەب و پشتیوانی ڕەهای خۆرئاوا لێیان. کە بە بڕوای مەسیری بیرمەند ،ئەم دوو هۆکارە لە پشت مانەوە و هێزی ئیسرائیلەوەن نەك تووانا خودییەکانی.

٥- بە گوتەی هەیکەل تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە ئیسرائیل دەوڵەتێکە بەرگەی شکست و هەیبەت شکاندنی گەورە ناگرێت و دواڕۆژی ئەکەوێتە مەترسییەوە.

٦- هەستکردن بەوەی لە بنەڕەتدا ئیسرائیل قەوارەیەکی نامۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکەیە و بەشێکی سرووشتی نییە لێی، هەربۆیە مانەوەی پەیوەستە بە: توانای بێ ڕکابەری بەرپەرچدانەوەو بەرگری لە خۆکردن و چاوترساندنی هەمووان و بوونی هەلومەرجێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەخۆگرو یارمەتیدەر.

ئەم هۆکارانە پێکەوە وایان کردووە، سەرانی حکومەتی جەنگی ئیسرائیل، لە کاردانەوە و جەنگەکەیاندا دژ بە غەززەو فەلەستینییەکان، دەست لەهیچ شتێك نەپارێزن و گوێ بە هیچ هێڵێکی سووری ئەخلاقی و یاسای ئینسانیی گشتی نێو دەوڵەتی نەدەن و بەو جۆرە بکەن کە هەموو جیهان لە ڕێی چاوی کامێرەکانەوە دەیبینێت.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەرئاستی بەشێکی بەرچاوی ڕایگشتی گەلانی جیهاندا، ئیسرائیل بووە بە دەوڵەتێکی بێزراو، لەسۆنگەی ڕێز نەگرتنی لەیاساوڕێساو ئەخلاقەکانی کاتی جەنگ، ئیسرائیلییەکان تاکو ئێستاو لە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەجەنگەکەیان، دژ بە ناوچەیەکی بچوکی جوگرافیی ئابڵۆقە دراوو چەند هەزار چەکدارێك، بەتوانایەکی تەکنەلۆژی وچەکداریی بەراورد بەوان، سەرەتاییەوە، نەیانتووانیوە هیچ سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە بەدەست بێنن وتۆماربکەن، لەوێنەی: دەستگیر کردن یاخود پاکتاوکردنی سەرکردە مەیدانییەکانی حەماس، دەستگیرکردنی کۆمەڵێ جەنگاوەر، دەستگرتن بەسەر حەشارگەو کۆگەیەکی گرنگی چەك وتەقەمەنی و دەستڕاگەیشتن بەکۆدی تۆڕە ئاڵۆزەکەی تونێڵەکانو .. هتد.

خۆئەگەر سەرەنجام تووانیان ئەمانەش بکەن و لەجەنگەکەدا بەواتا سەربازییە ڕووتەکەی سەربکەون، سەرکەوتنەکەیان بە بەراورد بەوباجە زۆرانەی لەوپێناوەداداویانە ، هێندە جێی شانازی وواتادار نابێت، چونکە بەگووتەی دکتۆر موحەمەد شەنقیتی، جگەلەوەی ئەوەی ناویان ناوە شەڕ بەپلەی یەکەم خەڵك کوشتنە نەك شەڕکردن، ئاسەوارە دەروونی وسیاسی ومەیدانییەکانی جەنگەکە، دەبێتە بارگرانیەکی زۆر بەسەریانەوە. بنەرەتی کێشەکەش، کەمەسەلەی فەلەستین وداگیرکارییە، وەك خۆی دەمێنێتەوە وئەم جەنگەش
رەهەندی تری دەخاتە سەر.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو