٧ڕۆژ – تایبەت
چۆن سەدان تانکەر رۆژانە نەوتی هەرێم بۆ ئێران و تورکیا دەگوازنەوە.
لە دوای داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ تورکیا دەرگای هەناردەکردنی نەوت بە قاچاخ لە رێگەی تورکیا و ئێران کرایەوە و رۆژانە هەزاران تانکەر نەوت ئاودیو دەکرێ و نە داهاتیان دیارە نە سەرچاوەی هەناردەکردنیان.
بەپێی چەند زانیارییەکی تایبەت کە لە ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمەوە دەست ٧رۆژ کەوتوون بە شێوەیەکی فراوان بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەروازە سنوورییە فەرمی و نا فەرمییەکانەوە دەستی پێ کردووەتەوە و داهاتی رۆژانەیان ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ لە خاڵی سنووری پەروێزخانەوە تەنیا رۆژی چوارشەممەی رابردوو زیاتر لە ٦٤٠ تانکەری نەوت هەناردەی ئێران کراوە.
سەرچاوەکەی ٧رۆژ بە مەرجی ناونەهێنانی باسی لەوەکرد، بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی ئاگاداری ئەو دۆسیەن و لە ژێر ناوی هەناردەکردنی پێکهاتەکانی نەوت بە تایبەت رۆنی رەش ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت.
پێش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە حکوومەتی هەرێم بە فەرمی و لە رێگەی بۆرییەوە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد کە زیاد لە ٣٠ هەزار بەرمیلی لە سنووری یەکێتییەوە بوو .. بەڵام ئێستا دیار نیە رۆژانە چەند نەوت بەرهەم دێت و نەوتی بەرهەم هێنراویش چۆن ساغ دەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاد لە دوو مووچەی ئەمساڵیان هێشتا وەرنەگرتووە حکوومەتی هەرێمیش بە بیانووی نەبوونی پارەی پێویست مووچەکەیانی دابەش نەکردووە و چاوەڕێی بەغدا دەکات.
دابەشنەکردنی مووچە.. پڕۆسەی خوێندنی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری نزیک کردووەتەوە بەو پێیەی ماوەی دوو مانگە مامۆستایان بەهۆی بێ مووچەییەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
تا ئێستا دیار نیە بە دیاری کراوی کام بەرپرسی ناو پارتی و یەکێتی راستەوخۆ سەرپەرشتی هەناردەکردنی نەوت لە رێگای تانکەرەوە دەکات بەڵام هەرچی بێت ئەو پڕۆسەیە بێ ئاگاداری بەرپرسانی یەکەمی ئەو دوو حیزبە ئەنجام نادرێت.
٧رۆژ هەوڵی دا ئاماری هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تانکەرەوە لە سنووری دەسەڵاتی پارتی دەست بکەوێت بەڵام بێ ئەنجام بوو.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *