جۆینی تیلیگرام بن

فیلمی 1988 و لێدان لە ڕەمزییەتی عومەری خاوەر و چەند سەرنجێك

فیلمی 1988 و لێدان لە ڕەمزییەتی عومەری خاوەر و چەند سەرنجێك

هێمن حەسیب

فیلمی 1988، کە باس لە روداوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ڕۆژانی پێشتری کارەساتەکە دەکات، جێی قسە لەسەرکردن و تێڕامانە، بەوەی ئەم فیلمە چی خستە سەر دۆسیەی کیمیاباران و ئایا خزمەتێکی بە دۆسیەی کیمیاباران و هەڵەبجە کرد یاخود زیانی پێگەیاند.

وەك بینەرێك، هەندێ سەرەنج و تێبینیم هەبوو، کاتێك دەڵێم وەک بینەر، لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان؛ چونکە چاوی فیلمساز و سینەماکار جیاوازترە.. لەگەڵ ئەوەشدا؛ بڕیاری کۆتایی لەسەر سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەر فیلمێك لای بینەرە، چونکە بەرهەمهێنانی فیلم بۆ کۆمەڵگایە نەك نوخبە، بۆیە بینەر حوکمی کۆتایی دەدات.

دووەم؛ من قسە لەسەر دەنگ و ڕەنگ و کوالێتی وێنەگرتن ناکەم و ئەو مافە بە خۆم نادەم.. بەڵکو قسە لەسەر ئەوە دەکەم لە رێگەی ئەم فیلمەوە چیم بۆ گواستراوەتەوە لە بارەی رووداوەکە.. ئایا بیانیەک بەبینینی ئەم فیلمە، چۆن لە تاوانەکە دەگات.

سەرەتا ئەوەی لە فیلمی 1988 جێی تێڕامانە، دەرهێنەر و سیناریست، وەک تەواوی ئەو فیلمە کوردییانە لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمهاتوون، خۆیان لە کاتێکی دیاریکراودا قەتیس کردووە.. چونکە زۆربەی فیلمەکان ماوەکانیان لە کاتژمێرێك بۆ کاتژمێر و 15 خولەك دەبێت.. لە فیلمی 1988ـدا هەمان خۆقەتیسکردن بە کاتەوە دەبینیت.. ئەمەش وادەکات دەرهێنەر و سیناریست نەتوانن فراوانتر و وردەکارتر و چیرۆکی جیاوازتر پیشان بدەن و ناچاران رووداوەکان زۆر بە خێڕایی بگوازنەوە.

لایەنێکی دیکە ئەوەیە، لە فیلمدا دەستپێك وابەستەی کڕۆکی چیرۆکی ناوەندێتی فیلمەکەیە، ئەمە لە 1988 جیاوازتر و بگرە هەڵەی زەق کراوە.. بە جۆرێك کڕۆکی فیلمەکە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، بەڵام دەستپێکی فیلمەکە بە چالاکیەكی (ئیختیالاتی) پێشمەرگە بە لە ناوبردنی پێاوێکی ڕژێم دەست پێی دەکات، لێرەدا بۆ بینەری کورد نا؛ کە خاوەنی دۆزەکەیە، بەڵام لای بینەری بیانی؛ پیشمەرگە بە هۆکار وپاڵنەر بۆ خوڵقاندنی ئەو کارەساتە دێتە پێش چاو… پاشان دیاری ناکات، کێیە ئەو پیاوەی ڕژێم، کە لە ناو دەدرێت، چونکە ئەمە دەستپێکە و دەبێت تەواوکەری چیرۆکی سەرەکی بێت.

خاڵێکی دیکەو جەوهەری، پێشمەرگە لەم فیلمەدا وەک هێزێكی تێکۆشاو لە پێناو و ڕزگاری و ئازادی میلەتەکەی نابینرێت و بە پێچەوانەوە وەك گروپێک چەکداری شەڕانگێز دەبینرێن، کە هۆکاری نائارامی شارن.. تەقاندنەوەی سەرتاشخانەیەک لە گەرمەی ژیانی ڕۆژدا و لە ناو بازاڕی شاردا پێچەوانەی کاری هێزی ئازادیخوازە.. پاشتر هەموو خۆشەویستی پێشمەرگە لە ناو خەڵکدا، لە چەند گفتوگۆیەکی (عەبدوڵڵا و هاوسەرەکەی) قەتیسکراوە… هیچ دیمەنێکی زیندوو و گوزارشتکراو بۆ خۆشەویستی خەڵكی بۆ هاتنی پێشمەرگە یاخود نیشاندانی پێشوازی خەڵک لە هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو شار لە پاش کشانەوەی ڕژێمی بەعس نابینرێت.. بە پێچەوانەوە پێشمەرگە وەك هێزێكی دابڕاو لە خەڵک نیشاندراوە، تەنانەت له ساتی ڕوودانی کیمیاباران و پاشان هەڵهاتنی خەڵکی بۆ سەر سنور، پێشمەرگە وەک هێز وجودی نیە، تەنها کارئەکتەری (تۆڵە)ـەیە، کە ئەویش پاڵنەری عیشقەکەیەتی دەهێنێتەوە ناو شار.. بە پێچەوانەی ئەمەوە پاسداری ئێرانی کردووە بە خاوەنی خەڵکی هەڵەبجە، چ لە داخلبوونی نهێنیان بۆ ناوشار و پاشان لە ناو شار لە دوای کشانەوە ڕژێمی بەعس و دواتریش وەک هێزێکی فریاگوزاری و بەدەمەچوونی خەڵکی لەسەر سنور.

هاوکات کاستی فیلمی 1988، بە دیاریکراوی (دەرهێنەر و سیناریست) تەواو خۆیان بوراندووە لە نیشاندانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆژشنبیری و کەلتوری هەڵەبجە لە پێش هاتنی پێشمەرگە و پاسدار، ئەمەش هەڵە و ناحەقیە، چونکە بووەتە هۆکاری ئەوەی هەڵەبجە وەك شارێكی داخراو و مردوو دەربکەوێت، کە هەر چاوەڕێی ئەوە بکرێت ئەو دەرئەنجامەی لێی بکەوێتەوە.. ئەمەش بێویژدانیە کراوە.. چونکە دەبوو هەڵەبجە وەك ناوەندی کەلتور و ڕۆشنگەری ئەو ناوچەیە پیشان بدرێت، کە بەهای مرۆیی تێیدا باڵاییە و پاشان بەعس ئەم کارەساتەی بەسەر ئەم شارە جوانە هێناوە و هەمووی لە ناوبرد.

نابێت ئەوە لە بیر بکەین، کە جیاوازی ڕەگەزی نێر و مێ لە کۆمەڵگای کوردی وجودی هەبوو و منداڵی نێر زیارتر پەسەندکراوتری خێزان بووە، بەڵام لە نێو ئەو کاتی کۆمەڵگاش، زۆرێك هەبووە ئەو جیاوازییەی نەکردووە.. ئەوەی پرسیارە لە گواستنەوەی ژیانی کەسایەتیەکی (عومەری خاوەر) و نیشاندانی وەك نێرسالارێك کە زیاتر گرنگی بە دوو کۆرپەلە کۆڕەکەی دەدات وەک لە کچەکانی، لێدانە لە کەسایەتی عومەری خاوەر وەك سیمبولی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە.. پاشان سیناریست و دەرهێنەر بە چ بەڵگەیەک ئەمە دەخەنە پاڵ (عومەری خاوەر)، ئایا ئەمە لێدان نییە لە رەمزیەتی عومەری خاوەر.

کارەساتێکی دیکەی فیلمی 1988 لەوەدایە، ساتی روودانی کیمیاباران زۆر بە سانایی دەگوازێتەوە، بە جۆرێك؛ جگە لەو دیمەنانەی بەهۆی فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەنووسان لە ساتی رووداوەکەوە بۆمان گوازراوەتەوە، دەرهێنەر و سیناریست نەیتوانیوووە دیمەنێکی کاریگەرتر لەوانی پێشتر بگوازێتەوە، کە کاریگەری لەسەر بینەر جیاوازتر جێی بهێڵێت، تەنانەت دیمەنی رووخساری ئەو هاوڵاتیانەی لەسەر شەقام و کۆڵانەکان بە گازی کیمیای شەهیدبوون، زۆر سادەن و لە زۆرینەیان هەست بە بوونی ئاسەواری کیمیاوی لەسەر لاشەیان ناکرێت، وەک (کەف و لیکی دەم).. پاشتر دیمەنی کارەساتی ژێرزمینەکان وەک خۆی ناگوازێتەوە، کە بە ئەستەم هەبوو تێیدا ڕزگاری بووبێت.. بگرە لە دیمەنێکدا، لە پاش کیمیابارانکردنەکە منداڵێک لە دەرەوە ولە ناو تەپوتۆزی گازی کیمیای دێت و دەرگای ژێرزەمینەکە دەکاتەوە وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێت.

لەگواستنەوەی دیمەنی ساتی کیمیاباران، تەنها لە یەک دیمەندا دەرهێنەر وسیناریست توانیویانە دیمەنێکی جیاوازتر لەسەر کارەساتە پیشان بدەن، ئەویش دیمەنی (ژنە دووگیانەکە و لە دایکبوونی دووانەکەیەتی)، لێرەشدا دەبوو منداڵەکە کچەکە ببووایە بە مامان و ڕزگارکەری دوو کۆرپەلەکەی خوشک و برای نەك پێاوێك.. کە ئەمە کاریگەری زیاتری جێدەهێشت.

ئەوەی جێی تێڕامانە، زۆرێك لە هونەرمەندان و فیلمسازان وەك کارێکی نموونەیی قسەیان لەسەر ئەم بەرهەمەی 1988 کرد، کە ئاساییە وەک نواندن یاخود کاری دەنگ و ڕەنگ جیاوازتربێت، بەڵام بە چ مافێك پێیانوایە ئەم فیلمە توانیویەتی گوزارشتێکی تەواو لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بکات، یان ئەوەتا دەربڕینەکانی ئەوانیش وەک گریانەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگاری سلێمانیە بۆ فیلمی (09)، کە دواجار زانیمان، گریانەکەی هەڤاڵ بس بۆ ریکلامکردن بوو بۆ ئەو فیلمە، تا بە گریانەکەی داهاتێکی باشتر بۆ فیلمەکە بەدەست بهێنێت.

دەرئەنجام، پێموایە بە فیلمی 1988، برینی هەڵەبجەییەکان کولایەوە و غەدرێکی دیکە لە هەڵەبجەییەکان و تەواوی دۆسیەکە کرا.. چونکە بەپێی ئەم فیلمە، پاسدار بووە هێزی ڕزگارکار و بەعسیش بە حەجمی تاوانبارییەکەی نیشان نەدرا و خەڵک و پێشمەرگەش وەک هۆکار و پاڵنەری سەرەکی تاوانەکە دەرکەوتن

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو