بۆچی سودانی بەپەلە گەیشتە تاران و لەگەڕانەوەیدا سەرکردە شیعەکانی کۆ کردەوە؟
تا دێت ناوەڕۆکی ئەو پەیامانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سودانی هێنان ئاشکرا دەبێت کە هەڕەشەی توند و جددیان تێدابووە و لە ئەگەری پابەند نەبوونی گرووپە شیعەکان عێراق رووبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی ئابوری و ئەمنی دەبێتەوە.
رۆژنامەی العربی الجدید لە راپۆرتێکدا وردەکاری ئەو مەترسیانەی ئاشکرا کردووە ئەکرێت رووبەڕووی عێراق ببنەوە.. ئەگەر گرووپە میلیشیاکان بەردەوام بن لە بۆردوومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا.
لە دوو رۆژی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتە تاران ودوای چەند کۆبوونەوەیەک گەڕایەوە بەغدا.
بەپێی زانیارییەکان دوای چەند كاتژمێرێك لە گەڕانەوەی لە تاران, لەسەردانێكی خێردا, سودانی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوەتەوە.
لەكۆبونەوەكەدا, كە ژماریەك لەسەركردەی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران بەشداربوون, تاوتوێی هۆشدارییەكانی ئەمریكا كراوە, كە ئەنتۆنی بلینكن لەكاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ بەغداد, گەیاندویەتی بە سودانی.
سەركردەیەكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە: سەرکردە باڵاکانی شیعە دەستبەجێ, دوای گەڕانەوەی سودانی لە تاران, لەماڵی حەیدەر عەبادی كۆبوونەتەوە, ئامادەبوان هۆشدارییەكانی ئەمریكایان لەبارەی بەردەوامی كردنە ئامانجی بنكەكانی سوپای ئەمریكایان لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە تاوتوێكردووە.
سودانی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی, لەنێویاندا قەیس خەزعەلی و ئەبوئالائی وەلائی, كە نوێنەرایەتی سیاسی گروپە چەكدارەكان دەكەن, مەترسی هەڕەشەكانی ئەمریكای رونكردووەتەوە, كە ئەنتۆنی بلینكن لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد پێی راگەیاندووە, جێبەجێكردنی ئەو هەڕەشانەش قەیرانێكی ناوخۆیی مەترسیدار لەعێراق دەخولقێنێت.
سودانی جەختی لە جدیەتی واشنتۆن كردووەتەوە لە جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی لە عێراق و ئەو پرسەشی بەشێوەیەكی ورد بۆ لایەنی ئێرانی باسكردووە لەسەردانەكەیدا بۆ تاران.
وتوشیەتی وەڵامی ئەمریكا تەنها سەربازی نابێت بۆ سەر هەندێك لە گروپەكان, بەڵكو سزای ئابوریش دەگرێتەوەو رێوشوێنی تریش دەگرێتەبەر كە رەنگە بگاتە ئاستی تێكچونی پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماسیەكان لەنێوان بەغدادو واشنتۆن.. بەوپێیەی هۆشدارییەكانی ئەمریكا لە ئاستێكی باڵای مەترسیداردا بووە.
هەر لە دوای ئەم هۆشدارییانەی ئەمریکا، گرووپێکی شیعەکان چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە هەولیڕ کرد هەرچەندە درۆنەکان تەقێنرانەوە بەڵام ئاماژەن بەوەی پێ ناچێت گرووپە شیعەکان گوێ بۆ هۆشدارییەکان بگرن و عێراق بکەنە شوێنی یەکلاییکردنەوەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *