٧ڕۆژ – تایبەت
نێچیرڤان بارزانی بۆچی سەردانی فەڕەنسای کرد؟
میدیای فەڕەنسا ئاشکرای کردووە سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئمانوێڵ ماکرۆن تایبەت بووە بە شەڕی حەماس و فەڵەستین و تاوتوێی ئەو پرسەی تێدا کراوە.
بۆچی فەڕەنسا شەڕی غەززە لەگەڵ سەرۆکی هەریمدا تاوتوێ دەکات؟
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی ئاگادار بە ٧رۆژی راگەیاند پلانێکی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ عێراق لە ئارادایە و بۆ ئەمەبەستەش هەوڵە دیبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێ کردووە.
بەپێی زانیارییەکان داواکراوە زیاد لە پێنج هەزار ئاوارەی غەززە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم نیشتەجێ بکرێن ئەوەش لە چوارچێوەی پێشوازی کردن لە ئاوارەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ یەکێک لەو دۆسیانەی لە گفتوگۆی نێوان ماکرۆن و نێچیرڤان بارزنیدا باس کراوە پرسی هێنانی ئەو ئاوارانەی غەززە بووە.
گۆڤاری دیپلۆماتیک ئەفێیەرزی سویسرا لە وتارێکدا باسی لە سەردانەکە کردووە و نووسیویەتی پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی ماکرۆن لەگەڵ بارزانی کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆکانی داهاتووی سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی جیهان هەبێت.
هەرچەندە هیچ کام لە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی ماکرۆن و نێچیرڤان ئاشکرا نەکردووە بەڵام ئەوە یەکلابووەتە کە تەوەری سەرەکی دیدارەکەیان شەڕی حەماس و ئیسرائیل بووە.
سەرەتای ئەم مانگەش پێگەی میدڵ ئێست ئای لە زاری سەرچاوەیەکی هەوڵگری ئیسرائیلەوە ئاشکرای کردبوو کە ئیسرائیل داوای لە سوننەکانی عێراق کردووە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی غەززە لە بیابانەکانی ئەنبار نیشتەجێ بکەن.
لەگەڵ جێبەجێ کردنی پلانێکی لەوشێوەیە لەم دۆخەدا ئەستەمە بەڵام بە جێبەجێ کردنی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسی گەورەی ئەمنی و نەتەوەیی دەکاتەوە.
بەوپێیەی ئێستا عێراق بە تەواوی لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کۆنتڕۆڵکراوە و ئێرانیش بە تەواوی دژی هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەوەستێتەوە کە سەر بۆ لەناوبردنی یەکجارەکەی قەوارەی هەریم دەکێشێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *