ئەحمەد دەروێش
جاڕی سەربەخۆیی ئابوری ، کەمبونەوەی داهاتی بەدوایخۆیدا هێنا ، ئابوری هەرێمی توشی وەستان کرد ، کەیسی یاسای بودجە ( بەهەردو بەشەکەیەوە ) ی قفڵدا و دۆسێی بودجەی بەیەکجارەکی پێچایەوە.
نەبونی بودجە لە ۹ ساڵی رابردودا ، جگەلەوەی عەیبەیەکی گەورەیە لەحوکمرانێتی سەردەمدا ، بێگومان کردنەوەی دەروازەیەکی گەورەش بو بۆ گەندەڵیی و تاڵانچێتیی ۰ چش لەوەی لەماوەی ئەو ۹ ساڵەدا شتێک نەبوە بەناوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و ۰۰۰ هتاد بەڵام ناشیرینترین و قێزەونترین کردە ، نائەخلاقیترین کردە ، دەستبردنبو بۆ موچەی توێژاڵی مامۆستایان و فەرمانبەران ۰
لەو چەند ساڵەدا ، چەندجارێک پڕۆسەی پەروەردە روبەڕوی ئیفلیجی بوەتەوە و تەنانەت دەسەڵاتدارانی هەرێم بەوپەڕی نابەرپرسیارێتی مخاتەبەی مامۆستایانیان کردوە ( هەڵدەپەڕن ، سترانا دبێژن ، کەیفی خۆتانە ) ، تەنانەت بەڵتەجییەکان شەقیان لەمامۆستا هەڵدا.
بێدودڵیی ؛ بایکۆت ئەنجامە نەک هۆکار ٫ بۆیە هەرکەسێک بیەوێ مامۆستا تۆمەتباربکا ٫ بێگومان هزراندنەکەی ٫ قەزاوەتەکەی و پاشان فەرمانەکەی ، جاهەرکەسێک بێت دەچێتە خانە و بازنەی ناڵۆجیکییەوە چونکە بەپێی شەریعەت و قانونی وەزعی کەئەرک و مافی کرێکار و فەرمانبەری تێدا دیاریکراوە ، نەدانی حەقدەست و موچە و کرێ هیچ پاساوێک هەڵناگرێ ئەمەلەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە حکومەت و دەسەڵاتدارانیش قسە لەسەر گەندەڵیی و پڕۆژەی چاکسازیی دەکەن ، هەڵبەتە هەرێم خەڵتانی تەهریبی دراو و سپیکردنەوەی ماڵ و دارایی ، ئاوێزانبونی سیاسەت و بازرگانی ، قۆرخکاریی ، ئۆلیگاریشی ۰۰۰ بوە ۰ دەسەڵاتدارانی هەرێم ، بڕیارسازانی هەرێم ، بەفیز و تەکەبورەوە دەیانگوت ؛ ڕۆڵمان هەبوە لەنەخشاندن و پتر فراوانکردنی نەخشەی وزەی جیهانیی ، بۆیە لەبەر هەمو ئەمانەی سەرەوە ، پاساوی نەبونی پارە ، پاساوی ڕاگیرانی نەوت ( ئەو دەنگە ناسازە ) ، لای خوێندەوار و عەوام ، بستێک بەرز نابێتەوە.
دۆخی لێکترازاو و بێسەر و بەری هەرێم ، دۆخی دوئیدارەیی و دوزۆنیی ، دۆخی دابەشبونی هەرێم ، دۆخی نەبونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و سەندیکایەکی سەرتاسەری راستەقینە ، فەزا و زەمینەیەکی دروستکردوە وەک دەگوترێ ( تۆز لەقوڕ هەڵناستێ ) ، بۆیە لەو بەشەدا کەمامۆستایان کەبایکۆتیان راگەیاندوە ، لەئێستادا بەرچاوڕون نین و دۆخەکە هەتابڵێی هەم حەریجە و هەم لێڵە لەبەر چەند هۆکارێکی دیکە کەئەمانەن :
۱ – مانگ و نیوێک لەو چەند مانگەی خوێندنی ساڵدا رۆیشتوە ۰
۲ – بایکۆت تەنیا لەبەشێکی هەرێمدا جێبەجێکراوە ۰
۳ – جگە لە چەند زانکۆیەکی حکومی ، ئەوانی دیکە دەوام دەکەن ۰
٤ – توێژی فەرمانبەران ٫ بایکۆتیان نەکردوە ۰
۵ – کەمترین چین و توێژ پشتیوانی بایکۆتی مامۆستایانن بەدایبابانیشەوە ۰
٦ – کاسبکارانیش ئامادەنین بۆ پاڵپشتیی و هاوخەمی مامۆستایان ، لانیکەم رۆژێک دوکانەکانیان دابخەن.
۷ – ئەزمونی ساڵانی پێشو لەبێهودەبونی بایکۆت ۰
۸ – کەرتی بازرگانیی پەروەردە ( خوێندنگە ناحکومییەکان ) تادێت خواستی لەسەر زیاددەبێت و وەسەرقازانجی زیاتر دەگەڕێ ، نەلەبەرئەوەی باشترن ، لەبەرئەوەیە کەبێڕکابەرن.
لەبەر هەمو ئەو هۆکار و خاڵانەی سەرەوە ، دیالۆگی بەردەوامبون و شکاندنی بایکۆت لەجێی خۆیدایەتی ، هەریەکە و ئارگیۆمێنتی خۆی هەیە ، مامۆستایەک کەقەرزاری مارکێت و دوکانەکانە ، پارەی کرێپاسی پێنییە ٫ زمان لەبەرانبەریدا زاتناکا بێتەگۆ ، مامۆستاش هەیە نەکەوتوەتە ژێرقەرز.
پرسیارە جدی و سەرەکییەکە ئەمەیە : موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول بڕیاری لەسەردراوە و بایکۆتی دەوامیش راگەیەندراوە ، لەکاتێکدا موچەی ۳ مانگی کۆتایی ساڵ هیچ قسەیەک و بەڵێنێکی لەسەر وەرنەگیراوە ٫ هیوایەک نییە ٫ ئەی ئەوکاتە چی ؟ بەوپێیەبێ ؛ دوای موچەی مانگی ئەیلول ٫ لۆجیکی نییە بایکۆتشکاندن تەرح بکرێ ، واتە قابیلی گفتوگۆ نییە.
گریمان لەساڵی نوێوە هەرێم رازی دەبێ و موچە دەچێتە سەربەغدا ، ئایا بەغدا قەرەبوی ۳ مانگی رابرو دەکاتەوە یان وەک هەر موچەخۆرێکی عێراقی مامەڵەی مانگی یەکەمی ساڵی نوێمان لەگەڵ دەکات ؟
بێگومان موچەی ۳ مانگی پێشو نادات و حساباتی ساڵی پێشو دادەخرێ چونکە یاسای بودجەی عێراق لەمانگی کانونی دوەم ( مانگی ۱ ) تا کۆتایی کانونی یەکەمە ( ۳۱ / ۱۲ ) ئەمە لەلایەک و ، لەلایەکی دیکەوە لەدنیای سیاسەت و بەتایبەتیش لەدنیای دواکەوتودا ، رکابەرەسیاسییەکان ملی یەکتر دەشکێنن و بەخوێنی سەری یەکتری تینون.
سیاسییەکان لەهەرێمدا نەک هاوپشتی یەکتری نین ، بەڵکو لەهەوڵی ملشکاندنی یەکدیدان ٫ ئیدی چ بیرکردنەوەیەکە پێمانوابێ پێویستە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم میهرەبان بن و لەدڵی نەگرن کەپێیاندەگوترا بەغدای موفلیس و ، هەروابێتەوە خاوەنی گیانێکی تۆلێرانس ( لێبوردەیی ) بن ، ئینجا قەرەبوی هاوڵاتیانی هەرێم بکەنەوە و پرسی موچە تێکەڵی ململانێی سیاسیی و بازرگانی نەکرێ!
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *