ئاسۆ عەبدوللەتیف
دیبلۆماسیەتی ڕۆژئاوایی، ڕێک و ڕەوان لەسەر پایگاو دیواری گازی سروشتی و وزەو قازانج دامەزراوەو سێتەپ بووە، ئەوە نییە لەسەر ماف و ئازادیەکان ئیش بکات، بۆ کورد بەتایبەت هەرێمی کوردستان دیبلۆماسیەت و پێشوازی لوتکەکان و کۆشکەکان گرنگە، بەڵام لەکاتی شەڕو ئاشوب و هەڕەشەکان لەسەر قەوارەی کورد گرنگترە ئەویش ئەگەر بەهاناوە بێن و نەیکەن بەقوربانی نەیارەکانی کورد، یانژی دەرگات لەسەر دابخەن وەک دایانخست لە کۆمەڵێک وێستگەی مێژوویی، دیبلۆماسیەت لەکاتی ئاشتی و ئارامیدا منەتی تێدا نییە، وەک ئەوەیە لەکاتی باراندا ئینجانەکان ئاو بدەیت و دەفرەکە پڕبکەیت لەئاو بۆ مریشکەکان!
لەکاتی نائارامی و هەڕەشەکاندا لەسەر کورد گرنگە هێزی دیبلۆماسیەتی کوردی تاقی بکەینەوە، تاقیش کرایەوەو زۆر وڵاتی وەک ئەمریکاو ئەوروپا دەرنەچوون و شکستیان خواردو بێدەنگ بوون، ئەوروپیەکان زۆر سەیر مامەڵە دەکەن لەگەڵ کوردو دەزانن چیان دەوێ بۆخۆیان بەس نازانن چی بۆ کورد بکەن دەزانن باش یاری بکەن بەس هێشتا لە ئازارەکانی کورد شارەزا نەبوون و حەق نییە کوردیش ئەوەندە لەشساغ خۆی نمایش بکات، خێرا دەتکەن بە دۆست دواتر دوژمن، هاوکارت دەبن لە جەنگەکاندا بۆ دورخستنەوەی تیرۆر لەسەر خۆیان و پایتەختەکانیان و بردنی سامانە گازی و نەوتیەکەت بەڵام قەت هاوکارت نابن بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەهرو زوڵمی سایکس پیکۆو لۆزان و دروستکردنی کیانی کوردیی و ژێرخانێکی ئابوری بەهێز بۆ کورد، لای ئەوان ئەمن و وزەو ئابوری کارتی بنەڕەتییە بۆ پەیوەندی دۆستانەی دیبلۆماسی نەک سیاسەت و ئاڵاو دەوڵەت و مێژوو.
ساڵانێکە کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئەمنی و سەربازی و ئەکتەری دژە داعش و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی وجودی دیارە وەک پێشمەرگەو شەڕڤانی باش نەک دەوڵەتسازی باش، ئەوان هێشتا باوەڕیان بەوە نەهێناوە کورد چوارچێوەی دەستوریی هەبێت یان هیچ نەبێت فیدڕاڵیەتێکی سیاسی جێگیر.
هەموو خوێنی کورد، لای سورپێست و سپیپێستێکی ئەوروپی بەقەد بۆریەکی گازی سروشتی ئەرزش و کاریگەری نییە لەسەریان، بۆیە پێگەی هەستیاری جیۆستراتیجی کورد جێگای پرسیارەو دەبێت کورد ئەوە وەک دەستکەوت لێی بڕوانێت و وەبەرهێنانی خێرای تێدا بکات و زۆر مەست نەبێ بە پێشوازی لوتکە، مەرج نییە بەردەوام بێت ئەم گەنجێتیە، غەززە باشترین تاقیکردنەوەی نەتەوەی بێدەوڵەت و بێ پشت و پەنایەو خوێن چۆڕاوگەی بەستوەو کەچی ئەوروپیەکان هێشتا بەدوای قازانج و بۆنی گازەوەن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *