دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی ئەنجام نەدانی شەشەمین خولی ڤێستیڤاڵەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست، نەمانتوانی درێژە بە خولەکانی داهاتووی فێستیڤاڵەکەمان بدەین، ئاماژەی بەوەشداوە، تەنها دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆی هەیە بە ناوی خولی شەشەمەوە فێستیڤاڵ بکات و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە پەنا بۆ کارێکی لەو جۆرە بەرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە .
دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی بودجە سەرجەم کارەکانی فێستیڤاڵی راگرتوە و ساڵی داهاتوو دەست دەکەین بە ئامادەکاری بۆ ئەو مەبەستە .
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەداخەوە لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست، نەمانتوانی درێژە بە خولەکانی داهاتووی فێستیڤاڵەکەمان بدەین، هەوڵمان دا لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراقەوە بودجەی پێویست وەربگرین و درێژە بە کارەکانمان بدەین، بەڵام هەوڵەکەمان بێئاکام بوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەری ساڵی نوێوە دەست دەکەن بە ئامادەکاری بۆ خوولی شەشەم و لەبارەی دۆڕاندنی کەیسی وەرگرتنەوەی خاوەندارێتی لۆگۆی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: لە دادگا کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا هەبوو کە پێشتر ئەرکی میوانداریی فێستیڤاڵی پێ سپێردرابوو دوای ئەوەی کرایە لیستی ڕەشەوە کارکردنمان لەگەڵیان ڕاگرت، بەوهۆیەوە ئەو کۆمپانیایە لە ڕێگەی دادگاوە داوای لۆگۆی فێستیڤاڵی کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ژووری بازرگانیی سلێمانی ئەو لۆگۆیەیان حیجز کردووە! ئێمە هەمیشە پێمان وا بووە ئەمە فێستیڤاڵێکی کولتوورییە و پێویستی بە ژووری بازرگانی نییە، بەڵام بەداخەوە لە بڕیاری یەکەمی دادگادا وەڵامی ئێمە ڕەتکرایەوە و پێیان ڕاگەیاندین کە دەبوایە لە ژووری بازرگانی لۆگۆکەمان حیجز بکردایە، کە ئێمە پێشتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حیجزمان کردبوو و پێمان وا بوو وەزارەتی ڕۆشنبیری تایبەتە بەم کارە.
ڕاشیگەیاندووە، لە سەرەنجامی ئەو تانەیەی داومانە لەو بڕیارەی دادگا سەبارەت بە خاوەندارێتیی ئەو لۆگۆیە، ڕامانگەیاند کە ئەگەر تانەکەمان ڕەت بکرێتەوە، ئەوە ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین و تەنها لۆگۆکە دەبەخشینە ئەو کۆمپانیایە، بەڵام وەک خاوەندارێتیی فێستیڤاڵ، تەنها دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەڵەتیی سلێمانی بۆی هەیە بە ناوی خولی شەشەمەوە فێستیڤاڵ بکات و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە پەنا بۆ کارێکی لەو جۆرە بەرێت، هەر لایەن و کەسایەتی و کۆمپانیایەک بیەوێ ئەو ناوە بەو شێوازە بەکار بهێنێ، ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە و هەر کۆمپانیایەکیش وەکو هاوبەش بەشدار بێت، بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *