بۆچی کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر ناکرێت؟
ئەو دەنگانەی پشتگیری لە گەڕانەوە بۆ بەغدایان دەکرد بۆچی لاواز بوون؟
کەی بەغدا ئامادەیە پشکی هەرێم وەک خۆی ڕەوانە بکات.
جارێکی دیکە بەغدا کێشەی بۆ ڕەوانەکردنی پشکی هەرێم دروستکرد و بەو جۆرەش دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتەوە.
ئێستا مانگی ١٠ تەواو دەبێت و بەرەو مانگی یانزە هەنگاو دەنێین کەچی هێشتا مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە دیاریش نیە کەی بەغدا پارە ڕەوانە دەکات و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکریت.
پێش پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق، بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان و رەخنەگرانی دەسەڵاتی کوردی، جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویستە هەرێم تەواوی دەسەڵاتەکانی رادەستی بەغدا بکاتەوە بۆئەوەی شایستە داراییەکانی ڕەوانە بکات
کەچی سەرەڕای هەموو پابەندییەکان هێشتا بەغدا ئامادە نیە پشکی هەرێم ڕەوانە بکات.
پێشتر ٧رۆژ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاشکرای کردبوو، بەغدا نیازی ئەوەی نیە بە شێوەیەکی رێک و پێک مانگانە پشکی هەرێم رەوانە بکات تا ئەو کاتەی هەناردەی نەوتی هەرێمدەست پێ دەکاتەوە.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانە، حکوومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمدا نیە ئەوەش لە پێناو دەستخستنی ئامانجی سیاسی و هەرێمی.
٧رۆژ ئەوەی زانیوە، تورکیا ئامادەیی خۆی نێشانداوە تا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە بەڵام بەغدا بە بیانووی کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادە نیە رەزامەندی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بدات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکانی ٧رۆژ هۆکاری جیاواز لەسەر رێگرییەکانی عێراق بۆ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، لەوانە زیاتر لاوازکردنی ئابووری حکوومەتی هەرێم، دروستکردنی فشار بۆ زیادکردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لە هەرێمدا.
سەرەڕای ئەوانە، گرنگترین هۆکار رێگریییەکانی تارانە لە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت، چونکە ئێران خواستی ئەوەی نیە نەوتی هەرێم لە رێگەی تورکیاوە هەناردەبکرێتەوە.
بۆیە تا ئەو کاتەی دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران وەک خۆی دەمێنێتەوە
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *