کورد بەو پشتیوانییە فراوانە نێودەوڵەتییە و حەماسیش بێ پشت و پەنا چۆن دەتوانێت لەسەر خاکەکەی بە گژ زلهێزترینی دنیادا بچێت؟
حەماس، ئەو گرووپە چەکدارییە فەڵەستینییەی کە دونیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لە بۆری ئاوی خواردنەوە و بۆمبە نەتەقیوەکانی دوژمنەکانی مووشەک دروست دەکات و زلهێزترین وڵاتی سەر زەوی هێناوەتە لەرزە.
گرووپێکی جیهادی نەتەوەییە و چەندین دەیەیە خەبات بۆ ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەی لە دەست جولەکەکان دەکات، ناوچەیەکی جوگرافی تەواو داخراوی بە دەستەوەیە کە تەنیا ئاسمانیان لێ دیارە.
تەواوی دەروازە و سنوورەکانی لێ داخراون، وەک گرووپێکی تیرۆریستی لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی دنیاوە ناسێندراوە.
لەگەڵ ئەوەی زلهێزەکانی جیهان لە دژی یەکیان گرتووە کەچی رۆژ بە رۆژ مەترسییەکانی لەسەر جولەکەکان زیاد و زیاتر دەکات.
ئەوەی کورد و فەڵەستینییەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە دۆسیەی خاک و نیشتیمانە.
هەردووکیان خاکەکەیان لەلایەن داگیرکەرانەوە داگیرکراوە و لەسەر خاک و ئاوی خۆیان ئاوارە کراون.
شەڕی ئێستا حەماس و ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە تێیدا زیاتر لە سەدا ٥٣ی خاکی باشووری کوردستان بێ رووبەڕووبوونەوە رادەستی عێراق و میلیشیا شیعەکان کرایەوە.
ئەوەی جێگەی پرسیاری جددیە، ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەمان ئەو مەترسیانەی حەماس لەسەر دوژمنەکانی دروستیان دەکات، دروستی بکات؟
ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کورد لە باشووری کوردستان خۆی ئیدارەی خۆی دەدات، لەلایەن زلهێزترین وڵاتانی جیهانەوە پشتیوانی دارایی و سەربازیی دەکرێت.
نوێنەرایەتی لە زۆرینەوەی وڵاتی دنیا هەیە و خاوەن نەوت و غاز و سەرچاوەی ئاوی و خاڵی سنووری جۆراو جۆرە.
لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە دەیان وڵاتی ئەورووپی بە ئاشکرا و بەفەری ڕاهێنان بە هێزەکانی دەکەن و پڕچەکیان دەکەن.
هەر بەرپرسێکی باڵای نێودەوڵەتی سەردانی بەغدا بکات، دەبێت سەرێک لە پایتەختی هەرێم بدات و لەگەڵ بەرپرسەکانی کۆ بێتەوە.
سەرەڕای ئەو پشتیوانییە گەورە ماددی و مەعنەوییەی هەیەتی کەچی لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر سەدا ٥٣ خاکەکەی رادەستی دوژمنەکانی کرد.
لەوەش خراپتر، تا ئێستا نەیتوانیوە پەرە بە توانا سەربازییەکانی بدات و رووبەڕووی ئەو مەترسیانە بێتەوە کە لەسەری دروست دەبن.
لەکاتێکدا حەماسێکی بێ پشت و پەنا مووشەکاکنی تا قوڵایی پایتەختی ئیسرائیل دەڕۆن و نوێترین سیستمی بەرگری ئاسمانی دەبڕن.
باشووری کوردستان سەڕەڕای ئەو دەرفەتە زێڕینانەی بۆی دروستبوون بەڵام پێچەوانەی فەڵەستیینییەکانی غەززە نەیتوانی بیانقۆزێتەوە و شەڕ لەسەر خاک و ئاوەکەی بکات.
ئەگەر غەزەییەکان خاوەنی گرووپێکی بە تیرۆریست ناسێندراوی وەک حەماس بن، باشووری کوردستان خاوەنی دوو حیزبی وەک پارتی و یەکێتییە.
گەندەڵی و فەسادی ئیداری ئەم دوو حیزبە بەر گوێی تاک بە تاکی هەرێمەکە کەوتووە، بەهۆی دزی و پاوانخوازی بەرپرسانی ئەو دوو حیزبەوە رۆژ بە رۆژ گەلی باشووری کوردستان دۆستەکانی لە دەست دەدات و پێگەی لاواز و لاوازتر دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *