جۆینی تیلیگرام بن

پریشکی ئاگری شەڕەکەی فەڵەستین بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت؟

پریشکی ئاگری شەڕەکەی فەڵەستین بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت؟

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوام ئاڵۆز دەبێت و بەمنزیکانە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەست پێ دەکات، مەترسی ئەوە دەکرێت پریشکی ئەم ئاگرە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر کورد و هەرێمی کوردستان بکەوێت.

ماوەی پێنج رۆژە شەڕو پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، سوپای جولەکە بە چڕی غەززەی کردوەتە ئامانج و نیازی ئەوەی هەیە بست بە بستی کاول بکات.

حیزبوڵلای لوبنان دەستی بە جموجوڵ کردووە و ناو بەناو سنوورەکانی ئیسرائیل بۆردوومان دەکات.

بەپێی چەند ئاژانسێکی هەواڵی ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک درۆن لە لوبنانەوە بەرەو باکوری ئیسرائیل دزەیان کردووە بەڵام دیار نیە زیانەکانیان چی بوون.

پێشبینی ئەوە دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی جەنگەکە، گرووپە میلیشیا وەلائییەکان بێنە سەر خەت و پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بدەن، ئەوەش دوای ئەمریکا بەڵێنی دابینکردنی پشتیوانی سەربازیی بۆ ئیسرائیل داوە.

شەوی رابردوو یەکەم کاروانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتنە تەلئەبیب، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیش لە نزیک کەناراوەکانی ئیسرائیل جێگیرکراوە.

فەرماندەی گرووپە شیعییە وەلائییەکان هۆشداری ئەوەیان داوە ئەگەر ئەمریکا راستەوخۆ بچێتە شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە ئەوا بەرژەوەندییەکانی لە عێراق دەکەنە ئامانج.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێران رەتیکردوەتەوە دەستی لە ئۆپراسیۆنەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بووبێت بەڵام ئەوەی نەشاردوەتەوە کە پشتیوانی لە حەماس دەکات و لە ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا کاردانەوەی دەبێت.

شەڕی ئەمجارەی حەماس و ئیسرائیل جیاواز و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆیە پێ ناچێت بەمزوانە ئاگری شەڕەکە بکوژێتەوە، چونکە ئیسرائیل بەو هێرشەی کراوەتە سەری و قەبارەی زیانەکانی تووشی ئابڕوچوونی سیاسی و هەواڵگری بووە.

لەلایەک حکوومەتە لەرزۆکەکەی نەتەنیاهۆ دەبێتە قوربانی شەڕەکە و لەلایەکیش ناوبانگی زلهێزی ئیسرائیل دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن لە رۆژانی داهاتوودا مووشەکی گرووپە شیعییەکان جارێکی دیکە هەولێر و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێم بکەنەوە ئامانج پریشکی ئەو شەڕەی لە فەڵەستین هەڵگیرساوە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان دەربکەوێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو