جارێکی دیکە پرسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێستا و پێشووی عێراقەوە وروژێنراوەتەوە و بووەتە بابەتی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارێکی شیعە لەناو هۆڵی پەرلەمان بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد کە واژۆی ٦٠ هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستانی بە دەست گەیشتوە کە دەخوازن مووچەکانیان بۆ سەر حکوومەتی ناوەند بگوازنەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات.
ئەم پرسە کاردانەوەی بەرپرسانی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیاری جددییە ئایا حکوومەتی فیدڕاڵ خواستی ئەوەی هەیە راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات؟
بە بڕوای شارەزایان حکوومەتی فیدڕاڵ لە هیچ بارێکدا ئامادە نیە بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەربگرێت و بارگرانییەکی گەورەی دارایی بخاتە سەر شانی خۆی.
بەوپێیەی مانگانە مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان نزیک بە ترلیۆنێک دیناریان پێویستە و حکوومەتی ناوەند نایەوێت ئەو بارگرانییە لەسەر شان بگرێت.
ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵە چەند سەد مامۆستایەکی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە دانیشتووی شارەکان و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدا وانە دەڵێنەوە، داوای گواستنەوەی راژەکانیان بۆ بەغدا دەکەن، کەچی حکوومەتی ناوەند ئامادە نیە داواکارییەکەیان جێ بەجێ بکات تا بارگرانی دارایی نەکەوێتە سەر شان.
ئەمە جیا لەوەی پڕۆسەیەکی لەو شێوازە لەم کاتەدا جێبەجێ کردنی ئەستەمە، چونکە حکوومەتی فیدڕاڵی توانای چاودێری و ئیدارەدانی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی هەرێمی نیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای بوونی ئەم راستیانە بەڵام ناو بە ناو لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە یاری بە هەست و شعوری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەڵێنی گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر بەغدا دەدرێت.
تەواوی ئەو هەوڵانەش لە رابردوودا بەو ئاڕاستەیە نراون نەک هەر بێ ئەنجام بوون بەڵکو بە زیانی مووچەخۆران تەواوبوون.
ئێستا .. مەترسی ئەوە هەیە پەرلەمانتارە شیعەکان بەبیانووی دابەشنەکردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە کێشە بۆ ٧٠٠ ملیار دینارەکە دروست بکەن کە بڕیاری لەبارەوە دراوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *