جۆینی تیلیگرام بن

یەکێتی چۆن دەیەوێت رووبەڕووی بۆردوومانەکەی تورکیا بێتەوە؟

یەکێتی چۆن دەیەوێت رووبەڕووی بۆردوومانەکەی تورکیا بێتەوە؟

چەند رۆژێکە بافڵ تالەبانی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە بە نیازە هەنگاوێکی جددی بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سنووری سلێمانی بگرێتە بەر.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست ٧رۆژ کەوتوون، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە نیازە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی عێراقەوە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سکاڵایەک دژی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری سلێمانی بە تایبەتی تۆمار بکات.

بۆ ئەو مەبەستە ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەک سەردان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی و شیعە دەستڕۆیشتوەکانی بەغدا ئەنجام داوە.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی لە کاتێکدایە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو تورکیا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر فڕۆکەخانەی کشتوكاڵی عەربەت و تێیدا سێ پێشمەرگەی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و جەختی لەوەکردەوە کە هێزەکانی پەیەدە و پەکەکە لە فڕۆکەخانەکە مەشق و ڕاهێنانیان پێ ئەنجامدراوە بۆیە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای یەکێتی و هێزەکانی دژە تیرۆر رەتیان کردووەتەوە لە کاتی بۆردوومانەکەدا هیچ هێزێکی دیکە جگە لە هێزەکانی دژە تیرۆر لە فڕۆکەخانەکەدا بوونیان هەبووبێت.

٧رۆژ ئەوەی زانیوە سەرۆکی یەکێتی سەرقاڵی ئەوەیە لایەنە شیعەکان رازی بکات تا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی حکوومەتی عێراقەوە سکاڵا تۆمار بکات و تورکیا ناچار بکرێت دەست لەو هێرش و بۆردوومانانە هەڵبگرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت لەماوەی دوو رۆژی رابردوو ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانان و نوێنەری وڵاتان ئەنجامداوە و لەسەرجەم کۆبوونەوەکاندا جەختی لەوەکردووەتەوە کە هیچ هێزێکی بیانی مەشقی پێ نەکراوە و بەڵکو ئەوەی کراوەتە ئامانج هێزێکی فەرمی عێراقی بووە کە دژی داعش شەڕی کردوە.

ئەگەر یەکێتی بتوانێت بەرپرسانی عێراقی رازی بکات حکوومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا دژی تورکیا تۆمار بکات، دوور نیە ئەنقەرە رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی بکاتەوە بەو پێیەی دەستدرێژییەکانی تورکیا هەموو سنوورەکانی بڕیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەکی بەرچاو لە باڵیۆزی وڵاتانی جیهان ئیدانەی هێرشەکەی تورکیایان کردووە لە ناویان ئەمریکا و بەریتانیا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو