ئاشکرابوونی بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەی لاهور شێخ جەنگی جارێکی دیکە ناوی نێچیرڤان بارزانی لە دۆسیەی گەندەڵی لەناو حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان هێنایەوە ئاراوە.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتای ئەمساڵ چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی رووداوی سەر بە نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا.
هەر ئەو کات ٧رۆژ لە زاری سەرچاوەیەک لە نووسینگەی لاهور جەنگییەوە بڵاویکردەوە چاوپێکەوتنەکە بەهۆی ناوهێنانی نێچیرڤان بارزانی لە دۆسیەی گەندەڵی و تەخشان و پەخشانکردنی داهاتی گشتی راگیراوە و بڵاونەکرایەوە.
یەکێک لەو دۆسیانەی کە نێچیرڤان بارزانی پێ تۆمەتبار دەکرێت بابەتی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی کۆمپانیای کارگرووپەوە بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پاڵاوتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی کۆنتڕۆڵکردبوو تا ئەو کاتەی بە یەکجاری راگیرا.
لە دواساتەکانی کابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانیدا، بە گرێبەستێکی نەزانرا و نهێنی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرایە کۆمپانیای کارگرووپ و کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی.
بەپێی ئەو بەدوداچوونانەی ٧رۆژ لە سەر ئەم دۆسیەیە ئەنجامی داون، دەردەکەوێت نێچیرڤان بارزانی.. زۆر لێزانانە کۆمپانیا رووسیەکەی تێکەڵ بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد ئەویش بە دوو ئامانج.
ئامانجی یەکەم کۆنتڕۆڵکردنی شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان بوو و هێشتنەوەی لە ژێر دەستی خۆیدا بەو پێیەی باش لەوە تێگەیشتبوو بە هاتنە پێشەوەی مەسرور بارزانی تەواوی دەسەڵاتەکانی لەناو حیزب و حکوومەتدا لەدەستدەدات.
ئامانجی دووەمی وەرگرتنی گەرەنتییەک بوو لەوەی لە دوای لەدەستدانی دەسەڵاتەکانی، بۆری نەوتی کوردستان ئەستەمە لە دەست کۆمپانیایەکی وەک رۆزنەفتی رووسی وەربگیرێتەوە بەوەش پشکی کۆمپانیای کارگرووپ لە بۆرییەکەدا پارێزراو دەبێت.
بەم هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم ١١ دۆلار وەک کرێی گواستنەوەی نەوت وەردەگرت.
هێنانی کۆمپانیای رووزنەفت لەوکاتانەدا لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتییەوە پێشوازی لێ کرا بەو پێەی لەسەروبەندی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بوو، ئەمریکا پشتیوانی لە کوردستان نەکرد و خواستێکی بەهێز هەبوو کۆمپانیا رووسییەکان تێکەڵ بە دۆسیەی نەوتی هەرێم بکرێن.
بەڵام نێچیرڤان بارزانی لێزانانە ئەو پرسەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری هێنا و بۆری نەوتی کوردستانی وەک شارەزایان دەڵێن خۆی بە خۆی فرۆشتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *