جۆینی تیلیگرام بن

نهێنی بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی بەرانبەر پشکی هەرێمی کوردستان چیە؟

نهێنی بێدەنگی نێچیرڤان بارزانی بەرانبەر پشکی هەرێمی کوردستان چیە؟

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەڕەڕای ئەوە وەک هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە سەختە ئابوورییە هەژمار دەکرێت کە لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە بەڵام بەرانبەر بە ڕەوانە نەکردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە بێدەنگی هەڵبژاردووە.

٧رۆژ لە زاری بەرپرسێکی باڵای سیاسی پارتییەوە زانیاری ورد لەسەر هۆکاری بێدەنگبوونی ئاشکرا دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە ئەوەش بووەتە هۆی بڕینی قوتی مووچەخۆرانی هەرێم.

تا ئێستا هەوڵە سیاسی و حکوومییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە شکستیان هێناوە، بەغداش دەیەوێت بە پاساوی جیاواز هاوشێوەی ساڵانی رابردوو پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکات.

ئەوەی بووەتە جێگەی پرسیار لای هاووڵاتیان بۆچی نێچیرڤان بارزانی لەم نێوەندەدا بێدەنگە، بێدەنگییەکەی سەرۆکی هەرێم کەسانی نزیک لە خۆشی لەناو پارتی هێناوەتە دەنگ.
ئەوەتا هێڤیدار ئەحمەد کادری پێشووی میدیای سەر بە سەرۆکی هەرێم و پەرلەمانتاری خولی پێنجی پەرلەمان لەنامەیەکی کراوەدا داوای کردووە لەسەر ئەو پرسە جوڵەکانی دەست پێ بکات.
٧رۆژ لە بەدواداچوونێکدا هۆکاری بێدەنگبوونی نێچیرڤان بارزانی ئاشکرا دەکات.

لە دوای کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەندەی دیکە لەناو حیزب و حکوومەت بێ دەسەڵات کراوە و ناتوانێت دەسەڵاتەکانی لەناو حیزب و لە ناو سەرۆکایەتی هەرێم بەکاربهێنێت.

بەرپرسێکی باڵای سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەوە بە ٧رۆژی راگەیاند نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا خۆی مەڵاس داوە تا بزانێت بەرپرسانی باڵا لە حیزبەکەی و لە ناو حکوومەتیش لەو گفتوگۆیانە دەگەن بە چ ئەنجامێک.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی کە نەیویست ناوی بهێندرێت، نێچیرڤان بارزانی چاوی لەوەیە لەناوخۆی حیزبەکەیەوە داوای لێ بکرێت سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی لەئەگەری رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە دەستکەوتی تایبەتی خۆی نیشانی بدات.
ئەو بەرپرسە سیاسییە ئەوەی نەشاردەوە کە بەشێکی گەورەی ئەو دۆخە خراپەی ئێستا لە هەرێم هاتووەتە ئاراوە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی نێچیرڤان بارزانییەوە بووە.

نێچیرڤان بارزانی پێشتر لە بەردەم پەرلەمان دانی بەوەدانا کە تەنیا ئامانجی لە هەناردەکردنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ بۆ ئەوەبووە بۆ بەغدای بسەلمێنێت کە دەتوانێت نەوت هەناردە بکات بێ ئەوەی گوێ بە دەرەنجامەکانی ئەو هەنگاوە بدات.

ئێستا لەسایەی ئەو سیاسەتانەی نێچیرڤان بارزانییەوە مەترسی گەورە لەسەر قەوارەی دەستووری هەرێم دروستبووە و ترسی ئەوەیە هەیە دەستکەوتەکان بە یەکجاری لەدەست بدرێن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو