تا دێت هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، میدیایەکی عەرەبیش دەڵێت لەناو شیعە دەسەڵاتدارەکانی بەغداوە خواستێکی بەهێز بۆ لەشکرکێشی ئێران بۆ سەر هەرێم هەیە، بافڵ تاڵەبانیش بە سەردانێکی چاوەروان نەکراو گەیشتە تاران.
رۆژنامەی ئەلعەرەب چاپی لەندەن بڵاویکردەوە، بەشێکی بەرچاوی سەرکردە شیعەکانی بەغدا پشتیوانی لەشکركێشی تاران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتی خواستی هەندێك هێزی شیعەی باڵادەست لەناو حكومەتی سودانی ئەوەیە, ئێران دەستوەردانی سەربازیی لە باكوری عێراق کە مەبەست لێی هەرێمی کوردستانە بکات بۆ ئەوەی هاوتای دەستوردانی توركیا بێت كە هێزە سونییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان بێدەنگیان لێكردووەو پشتیوانی دەكەن.
پرسی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە دوای خۆپیشاندانە فراوانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە.
ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی بە ئەنجامدانی چالاکی سەربازیی لە ناو خاکی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
٧رۆژ هەر ئەوکات لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئێران نیازی ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی هەرێم هەیە بەڵام بەهۆی هاتنە سەر خەتی محەمەد شیاع سودانی و واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵات پرۆسەکە دواخرا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئەلعەرەب خواستێکی بەهێز هەیە تا ئێران ئەو لەشکرکێشییە بۆ سەر خاکی هەرێم ئەنجام بدات لەلایەک ئەوەندەی دیکە پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت و لەلایەکی تریش هاوشێوەی تورکیا پێگەی ئێران لە هەرێم و عێراق زیادتر دەبێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریە لە کاتێکدایە ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزێکی زۆری شەڕکەری بۆ عێراق گواستوەتەوە هێشتا بە ڕوونی نازانرێت ئامانجی گواستنەوەی ئەو هێزە زۆرەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە چیە.
عەمید عەباس نیلفروشان جێگری ئۆپراسیۆنە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپا وتوویەتی دوای دانوستانە یەك لە دوای یەكەكان، دواجار ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقو هەرێمی كوردستان ئیمزا كرد، كە كۆتاییەكەی 18 ئەیلولە.
ئەو فەرماندە سەربازییە وتوویەتی پێشبینی دەكەین لەو ماوەیەدا عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەن ئەگەر نا دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و ناچارین بەرگریی لە بەرژەوەندییەكانی گەلی ئێران بكەین.
لەگەڵ بلاوبوونەوەی ئەم زانیاریانە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی و شاندێکی باڵای حزبەکەی بە سەردانێک گەیشتتە تاران و پرسی چەکداماڵینی هێزە کوردییەکان تەوەرێکی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *