د. نەزاکەت حسێن
لەگەڵ قۆرخکردنی ئامێرەکانی زیرەکیی دەستکرد و فێربوون و گەشەکردنی مۆدیلی زمانێکی تەکنەلۆجیی بەرز، ئیتر كارێكی سەختە جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەو ناوەڕۆک و بەرهەمە میدیاییانەی مرۆڤ بەرهەمی دێنێت، لەگەڵ ئەوانەی زیرەکیی دەستکرد بەرهەمی دێنێت. ئەمە پرسیارێکی گرنگی وروژاندووە، کە ئایا ئایندەی رۆژنامەگەری لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە چی بەسەر دێت و چۆن شێوە دەگرێت؟
زیرەکیی دەستکرد، هەر پێشوەخت کاریگەریی گرنگی کردە سەر پیشەسازیی میدیا، یەکێک لە هەرە گرنگترین لایەنە ئەرێنییەکانی سەرهەڵدانی رۆژنامەگەریی داتایی بوو، Data journalism کە رێگە دەدات بە رۆژنامەنووس، شیکاریی رێژەیەکی بەرزی زانیاری بکات، بۆ دروستکردنی چیرۆکێکی تەواو.
زیرەکیی دەستکرد وەک کتێبخانەیەکی پشتەوە وایە کە لە باکگراوندا بۆ پێشنیار و ئامادەکردنی پاکێجی دەنگی و شیکاریی بابەت، وەرگر هاوکاریی رۆژنامەنووس دەکات و داتا و زانیارییەکی زۆری دەخاتە بەردەست. لە هەمان کاتدا، ئامرازەکانی گەڕان بەناو ئینتەرنێت و ئەڵگۆریزمەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا، رۆڵێکی گەورە دەبینن لە رێکخستنی ناوەڕۆک و بڵاوکردنەوەی، کە ئەمانە گرنگن بۆ کاریگەرییەکانی راگەیاندن.
لەگەڵ گەشەکردنی ئاستێکی بەرز و ئاڵۆزی زمان، زیرەکیی دەستکرد دەستی کرد بە چوونە ناو جەوهەری رۆژنامەگەری، داڕشتنی ناوەڕۆک، نووسین و گێڕانەوە کە بە ناسینەوەی پیشەی تایبەتی رۆژنامەگەری دادەنرێت، جگە لەو ئامرازە داهێنراوانەی زیرەکیی دەستکرد، کە یارمەتیی بەرهەمهێنان و مۆنتاجکردن دەدەن، لە کاتێکدا رۆژنامەنووسەکان ئارەزوو دەکەن ئەم کارانە خۆیان بیکەن و بەرهەمی دەستی خۆیان بێت و رەزامەندیی وەرگر بۆ خۆیان بەدەست بێنن.
هەرچەندە ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، زیرەکیی دەستکرد لە بەهای کوالێتیی بەرزی رۆژنامەگەری بەرهەمهێنراوی مرۆڤ کەم ناکاتەوە، Tracy Quan نووسەری وتار و نووسەری ستوون دەڵێت “نووسەر و رۆژنامەنووسە بەویژدانەکان بە نەرێنی کاریگەر نابن بە زیرەکیی دەستکرد” تەنیا مەترسییەک نەبێت، ئەویش ئەوەیە، کە مەسەلەی تێچوون و دانی پارەیە لە بەرامبەر ناوەڕۆکی بەرهەمە میدیاییەکان لەلایەن وەرگرەوە، کە دڵنیا نین دەیدات یان نا، لە کاتێکدا، کە بەهۆی ئامێرەکان و بەرهەمە بەرهەمهاتووەکانی زیرەکیی دەستکرد بە تێچوونێکی کەم بەرهەم دەهێنرێن و بەخۆڕایی دەگاتە دەستی وەرگر.
ئەوەی ئێستا جێی باسە، رۆڵی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ هەر دەمێنێت، بەڵام ئاستی بەشداریکردن و چوونە ناو زیرەکیی دەستکرد روون نییە، هەرچەندە زیرەکیی دەستکرد هانی رۆژنامەگەرییەکی خۆڕایی و کوالێتیی نزم دەدات، هەمان کات هاوکاریی رۆژنامەنووسان دەکات، کە زیاتر جەخت بکەنەوە و بایەخی زیاتر بە ئیشەکانیان بدەن، هەرچەندە لە رواڵەتدا ئێمە کارەکە بەئاسانی دەبینین، بەڵام وەک چۆن زیرەکیی دەستکرد شوێنگرەوەی مرۆڤ بوو لە زۆر کار لە پیشەسازییەکانی دیكەدا، چاوەڕێی ئەو بکەین بەشی زۆری کارەکانی ژووری هەواڵ بە ئامێر بڕوات، ئامێری مۆنتاجکردن بە رۆتینی و بەخێرایی زیاتر بکرێت، وەک لەپێشەوە هەبووە، کە لەلایەن مرۆڤەوە پشتڕاست نەکرێتەوە، پیاچووەنەوە، هەڵەچن و داڕشتنەوەی بۆ نەکرێت.
ئەوەی زیاتر جێی مەترسییە، دەرکەوتنی زیرەکیی دەستکرد ترسی ناڕاستی و ساختەیی و دروستیی ناوەڕۆک و زانیارییەکانە، کە وای لێ دێت نەتوانرێت بزانرێت ئایا ئەم بەرهەمانە هی دەستی مرۆڤن یان نا، یان دەستێوەردانی کردووە و زانیارییەکان دەستکاری کراون و ساختەن یان نا، وای لێ دێت نازانرێت کێ بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرێت، مرۆڤ یان زیرەکیی دەستکرد و ئەڵگۆریزمەکان، هەروەها گومان لە دروستیی زانیارییەکان هەر بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا، زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکارییەکی گەورەی لە رۆژنامەگەری و پیشەسازیی میدیاوە کرد، هەورەها هاوکاریی گەورەی رۆژنامەنووسیی کرد، لە شیکردنەوە بەردەستبوونی داتای زۆری وەک کتێبخانەیەکی پشتەوە، هەرچەندە کاریگەریی لەسەر داڕشتنی ناوەڕۆک هێشتا ناڕوونە، بەشداریی مرۆڤ لە رۆژنامەگەری بە گرنگ دەمێنێتەوە، بەڵام سروشت و ئاستی بەشدارییەکەی لەمەولا جێی دڵنیایی نییە. گەیشتنی زیرەکیی دەستکرد تا ئێستا مەترسییە بۆ سەر راستگۆیی و ناوەڕۆک، دەتوانین بڵێین، ئایندەی رۆژنامەگەری لە تەرازووی گەشەی تەکنەلۆجیادا هەڵواسراوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *