د. دڵشاد زاموا كە شوێنەوارناسێكی ناسراوی كوردە، لە تازەترین توێژینەوەیدا باسی لەوە كردووە کە باپیرانمان 12 هەزار و 500 ساڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر ژیاون.
ئەم شوێنەوارناسەی كورد پێی وایە كە زانستی شوێنەوارناسی لەم سەردەمەدا پشت بە چەندین زانستی تر دەبەستێت لە توێژینەوە و ساغكردنەوەكانیدا پشت بە چەند زانستێكی كرداری و مرۆیی دەبەستێت، یەكێك لەوانە زانستی دی ئێن ئەی و جینەكانە، لە چینی (بی) ئەشكەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست لە خۆرهەڵاتی هەولێر ئێسكی مرۆڤێكی راوچی كۆچەر دۆزرایەوە كە نزیكەی 12 هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر لەو ئەشكەوتە ژیاون هەروەها لە پشكنینی دی ئێن ئەی ئەم ئێسكەدا دەركەوتووە كە بە ڕێژەی لە سەدا ٥٤%ی كوردی ئەم سەردەمەی شارەكانی كوردستانی باشوور پەیوەستن بەم مرۆڤەوە و باپیریانە.
هەروەها ئەم شوێنەوارناسە ئاماژەشی بەوەداوە کە ئەوەی جێی سەرنجە هەر ئەم مرۆڤە باپیرانی ئەوانەشە كە لە زاگرۆس ئێستا بە فارسی دەدوێن و بەشێك لەوانەی بە توركمانی و عەرەبی دەدوێن.
د. دڵشاد زاموا لە بەشێك لە توێژینەوەكەیدا ئەوەشی خستووەتە روو كە ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە و هەموو بیردۆزی ئاری و بەشێك لە هیندۆ ئەوروپی هەڵدەتەكێنێت كە خۆشبەختانە ئێمە وەك شوێنەوارناس لە هیچ توێژینەوەیەكدا پشتگیری بیردۆزەی خاكی خاڵی و كۆچی ئاری و ئەوانە نەبووین و هەروەها ئەم دۆزینەوەیە لایەنێكی گرنگتریش دەخاتەڕوو، ئەویش ئەوەیە ئێستا ئەو ئەگەر بەهێز دەبێتەوە كە مرۆڤی ئەشكەوتەكانی زاگرۆس و كوردستان، دواتر دابەزیون و كشتوكاڵیان داهێناوە و ڕۆیشتوونەتە باشووری مێسۆپۆتامیا و یەكەم لادێكانیان دروستكردووە، لەوەش گرنگتر، ئەم مرۆڤە باپیری خەڵكانێكی تری دووری ناوچەكەیە و تا ناوەڕاستی ئەورووپا نەوەكانی تر بڵاوبوونەتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *