جۆینی تیلیگرام بن

یەکێتی لە کوێی خێمەکەی کفری دایە؟

یەکێتی لە کوێی خێمەکەی کفری دایە؟

شوان داوودی

لەو قەناعەتەوە کە نوسین هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت چونکە دەسەڵاتی خۆماڵی لەبەر سەرقاڵی کار و کەسابەت دەرفەتی خوێندنەوەی نیە و هەرچی بنووسین و بڵێین بە زیادە دەچێت، بۆیە سێ مانگ زیاترە هیچم نەنووسیوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە چاودێر دۆخەکەم نەکردبێت .

ماوەی دوو هەفتەیە بە وردی چاودێری ناڕەزەییەکانی شاری کفری دەکەم کە بەم قرچەی گەرمای گەرمیانە هاتونەتە سەر جادە و لە ژێر خەیمەیەکیدا پرسەیان بۆ نەهامەتیەکانی شارەکەیان داناوە بەو ئومێدەی دەنگیان بگاتە لایەنە پەیوەندی دارەكان و ئاوڕێکیان لێ بدرێتەوە ئەوەی ویژدانی هەبێت دڵی قرچەی دێت بۆیان .

زۆر دانم بە خۆدا گرت و نەمویست قسە بکەم بەڵام لە ئاست بێ دادی و بێ باکی خەڵکانێک کە بەرپرسن لە سەر ژیان و کەرامەتی خەڵک بڕیارم دا یەک دوو قسە بۆ مێژوو لەو بارەیەوە بکەم .

ڕەنگە خەڵکانێک هەبن بڵێن تۆ بۆچی پەیوەندیت بە کفرییەوە هەیە ،پەیوندی من لەگەڵ شاری کفری پەیوەندی خوێن و بۆ ماوەییە و دەرونم پڕ سۆزە بۆی چونکە دایکی خوالێخۆشبووم لەوە شارە لە دایک بووە و کچی ئەو شارە بووە بۆیە ئەو مافەم بە خۆمدا بێمە دەنگ .

لە ئەنجامی کۆمەڵێ گۆڕانکاری دیمۆگرافی و ئابوری و سیاسی حکومەتی بەعس کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکرد ، کفری لە شارێکی زیندووی ناوەندێتیەوە بێ ڕۆڵ کراو گۆڕدرا بۆ شارێکی پەراوێز و لەبیر کراو.

دوای ڕاپەرین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە دیفاکتۆ کفری بوو بەشێک لە هەرێمی كوردستان ئەمەش بوو بە مایەی ئومێد بۆئەوەی ئەو شارە بگەڕێتەوە سەردەمی سەروەریەکانی و جێ و مەکانەتی شایستەی خۆیهەبێ و لە سەردەمی حوکم ڕانی خۆجێیی کوردیدا ڕۆڵ و پێگەی زێڕینی جارانی بۆ بگەڕێتەوە .

بەحکومی شەڕی ناوخۆ و دابەش بوونی هەرێم بۆ زۆنەکان و لەت بوونی حکومەت بۆ دوو ئیدارەیی، کفری بوو بەشێک لە زۆنی سەوز و بەحکومی نفوزی حزبی بەرپرسیارێتی ئەم شارە کەوتە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لەتە حکومەتەکەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا .

ناڕەزایەتیەکانی کفری لە ١٠ی تەموزەوە دەستی پێکردوە واتە ئەمڕۆ دوو هەفتەی تەواو کردو و پێ دەنێتە هەفتەی سێهەم ، بەمەبەستی بوژانەوەی شارەکە و ڕزگارکردنی لەو دۆخەی تێکەوتووە ، داواکاریەکانیان لە 27 خاڵدا چڕ کردۆتەوە لەوانە گۆڕینی قائیمقامی کفری و پێدانی یەکێک لە جێگرەکانی ئیدارەی گەرمیان بە شارەکە و گواستنەوەی چەند بەرێوەبەرایەتیەکی ئیدارەی گەرمیان بۆ قەزاکە لەوانە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان و بەڕێوبەرایەتی کار و بەکارخستن و چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان، تاکو ئیستا دوو وزیری بزوتنەوەی گۆڕان سەردانیخێوتەکەیان کردووە ئەوانیش دانا عبدالکریم و ئاوات جناب وەعدی قیرتاوکردنی رێگای دێلێژەیان داوە کە کفری دەبەسێتەوە بە سلێمانی، سەرۆکی حکومەتی زۆنی زەرد ٦٠٠ ملیون دیناری بە جێبەجێکردنی خێرا ( تنفیذ سریع) ناردووە بە مەبەستی چاکردنی یاریگا و قوتابخانەکان، وەزیرێکی تری گۆڕان کوێستان محمد عەبدوڵڵا هاتۆتە سەرخەت و بۆ ئەوەی فەرمانگەی چاکسازی گەوران لە گەرمیان (زیندان) کە زیاتر لە ٥٠٠ زیندانی لە خۆ دەگرێت بگەڕێنێتەوە بۆ کفری بەڵام بۆ ئەو کارە پێویستە میحوەری پێشمەرگە بینایەکەیان بۆ چۆڵ بکەن چونکە ئێستا لە لایەن ئەوانەوە بەکاردەهێنرێت ، لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی کە ئەویش وەزیرەکەی پارتییە بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکارێکی وەزراتەکە و ئەندامێتی دوو بەڕێوبەری گشتی سەردانیان کردووە و سێ ئەمبوڵانسیان بۆ نەخۆشخانەکە لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە وەکو وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەکە تەعمیر بکەنەوە و ئامێری MIRو سیتی سکانی بۆ دابین بکەن لە گەڵ کردنەوەی چەند بەشێکی تر و دابین کردنی دکتۆری بەنج بۆیان .

ئەمانەی کە ئاماژەمان پێ دا سەرەتایی ترین پێویستیەکانی هەر شارێکن ، جێی پرسیارە کە شارێکی دێرینی وەکو کفری بەو هەموو ڕۆڵە مێژویی و بەو هەموو قوربانیەی لە پێناو کورستاندا بەخشیویەتی بۆ تائێستا بێ بەشە لەو پێداویستیە سەرتاییانە کە بۆ بەدەستهێنانیان بەم قرچەیە پەنا بباتە سەر جادە ، ئایا کفری شایانی ئەو بێڕێزی پێکردنەیە ؟

لێرەدا پرسیارێکی تر یەخەمان پێ دەگرێت، ئەویش ئەوەیە یەکێتی لە کوێیە؟ لە ئاست مەینەتیەکانی ئەو شارە کە سەرەتایی ترین پێویستیەکانی ژیانی تێدا نیە لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی ئیداری و ئەخلاقی ئەو شارە لە ئەستۆی یەکێتیدایە بە حزب و حکومەتەوە ، پرسیارێکی سەر سوڕهێنەری تر ئەوەیە لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ڕابردوودا وتا ئێستا بۆ نەلێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی و نە لێپرسراوی ئیدارەی گەرمیان کە یەکێتیە و نە جێگری سەرۆکی حکومەت نە سەرۆکی یەکێتی نوێ کە حاکمی موتڵەقی زۆنی سەوزە سەردانی خێوتەکەیان نەکردوە و بەدەنگ داواکارییەکانی کفرییەوە نەچوون ؟

کە ئەمەش بۆتە مایەی ئیحراجییەکی گەورە بۆ کادرو لایەنگرانی یەکێتی لە شارەکەدا لە کاتێکدا کوردستان لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژارداندایە، نازانن سبەی بە چی ڕوویەکەوە بڕۆنە پێش دەرگای خەڵک و داوای دەنگیان لێ بکەن، وە ئەم بێ باکیەی یەکێتی لە ئاستی داواکارییەکانی شارەکەدا بۆتە مایەی سەرسورمانی خەڵکی کفری کە هەمیشە لەسەنگەری یەکێتیدا بوونە ، بۆیە گەر لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا خەڵکی کفری دەنگیان بە یەکێتی نەدا و پشتیان لێکرد کەس مافی ئەوەی نیە گلەییان لێ بکات .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو