لۆزان لە فنجانی قاوەیەکی ئیسپریسۆدا !
ئاسۆ عەبدوللەتیف
شکاندنی شکۆی کورد لە کافێکانی ئەوروپادا.
خەمی هەڵوەشاندنەوەی غەدری پەیماننامەی لۆزان خەم و پڕۆژەیەکی گەورەیەو لەناو فنجانی قاوەیەکی تاڵدا نییە لە کافێکانی ئەوروپادا، تا بەچەند وتارو بڵاڤۆک و کۆنفڕانسێک چارەسەری بکەن و وەک جینۆسایدی کوردان و پرسە دیموکراسی و نیشتیمانیەکانی دیکەو ئاڵای کوردستان، ئەویش پەرت بکەن، ئەسڵەن بەوجۆرەش شکۆی کورد ناپارێزرێت، خۆری کوردان تەنها لە ناوخۆی نیشتیمانەوە هەڵدێ بە مۆڕاڵی بەرزو ئیرادەو یەکڕیزیی نەتەوەیی.
لۆزان خۆ شانازیی نییە بۆ ئەوروپا، تا مرۆڤی کورد سناپی پێوە بکات و وێنەی شارستانیەتی ئێستای شەقام و هۆتێل و کافێکانی بگرێت و بەئایدۆلۆژیی بکات، شورەیی و شەرمێکی حەیابەرەیە بەنێوچاوی سویسرای بوکی ئەوروپاوە، دەلیل و سڵۆگانێکە بۆ دڵڕەقی و جەهل و فەسادی سیستمە ئۆرستۆکراتی و دیموکراتی و پادشاییەکانی ڕۆژئاوا کە نەیانتوانی بۆ یەک جار لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆو مافە دیموکراتیەکانی کوردا تەبا بن.
لۆزان مێژووی درۆی سپی و ڕەشی ڕۆژئاواییەکانە وەک هەموو درۆکانی تریان، وەک چۆن فابریکەو کۆمپانیاکانیان بە بەرنامە چەکی کوشندەی کیمیایی سیانیدو خەردەلیان دروست کردو لەسەر دەستی، سەدانی وەک فراس ڤان ئانراتی سپیپێستی هۆڵەندی ڕاسیست و بکوژ، دەفرۆشت بە ڕژێمی سەددامی دیکتاتۆر، دواتر دەهاتن فرمێسکیان بۆ لۆزان و هەڵەبجەو ئەنفال دەڕشت ، لۆزان تاوان و برین و غەدرێکی مێژوییەو هێشتا خوێنی لێدەچۆڕێ لەجەستەو زیهن و فیکرو ئایدیای کوردی ڕەسەنداو درۆی کاراکتەرە سیاسیەکانی ئەوروپاو قاوەخواردنەوەی ملپێچ سورەکانی خۆمان و دژە ناسیۆنالیستەکان و ڕاوێژکارو خانەنشینانی ناڕازیی، هەرگیز چارەی ناکات و قەرەبووی ناکاتەوە.
دەبێت گوتاری جددی ڕووبەڕوو بوونەوەت هەبێ لە ئێستادا دژی فاشیزمی نوێ و دیکتاتۆریزمی ناوچەکە، تۆی کورد دەبێ هەست بە گەرمایی ئەو غەدرە بکەیت و زیهنییەت و پەرێزو دیدگات پاک بکەیتەوە لە هەر ئاراستەیەکی دژە نەتەوەو جڤاک و نیشتیمان، تا مۆدێلی قەهرو ستەمکاری و غەدری مونەززەمی هەرێمایەتی و غەربی دژی گەلی کورد ستۆپ پێبکەین و بگۆڕین بە دۆخێکی باشتر لە ئێستا.
ڕێککەوتن و پەیماننامەکانی وەک سایکس پیکۆ و لۆزان و سەعدئابادو جەزائیر هێشتا ئامادەیەو ئەوروپیەکان باشتر ئاگایان لێیەتی بۆ بەردەوامیی بیزنس و نەوت و گازی سروشتی خۆیان کەچی تۆی سادەو سایلە، وادەزانی پێکەنینی سیاسیەکی کەڵتەکۆنی بێویژدانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی دەتوانێ بەری پێبگرێ و قەرەبووی ئەو غەدرانەی مێژوو بکاتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *