جۆینی تیلیگرام بن

ساڵی کۆچی و بێدەوڵەتی.. بێدەنگی و شەرم!

ساڵی کۆچی و بێدەوڵەتی.. بێدەنگی و شەرم!

ئاسۆ عەبدولـلەتیف

كریستیانەکانی جیهان و کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و تەواوی ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان، لە سەری ساڵی زایینی و ڕۆژژمێرەکەیدا دونیا دەکەن بە چراخان وەك چرکەساتێکی مێژوویی و تۆمارێکی نوێی پێکەوەژیان و تۆلێرانس و ئاشتەوایی و ئیرادەبەرزی.

موسڵمانەکان و بەتایبەت کوردە موسڵمانەکان، بەهۆی ئەو ستەمکاری و داگیرکارییە پەروەردەیی و زیهنی و کولتووری و ئایینییەوە کە تا ئێستا وەک سێبەر وەبان سەریانەوە وەستاوە، لە سەری ساڵی کۆچیدا، نەک بیریان دەچێت ڕۆژ و شەوەکەی بە چەندین نماییش و سرووت و پەرستش و نییەت و نیازمەندی بۆ ساڵێکی نوێ بڕازێننەوە، بگرە ڕۆژەکەشیان لێ تێک دەچێت و هەندێک موسڵمان ساڵەکەش نازانن ساڵی چەندە و تەنیا لە فەیسبووک و سۆشیاڵمیدیاوە پیرۆزباییەکی سادەی ئاسایی دەکەن، دەی ئەوە بەڕاستی جەهلێکی پەتییە بۆ موسڵمانان و خۆدوورگرتنە لە بۆنە و سرووتە ئایینییەکانی وەک سەری ساڵی کۆچی و هیجرەتی یاران، کارەساتە كە ساتەوەختێکی ئاوها نادیدە بگرن.

موسڵمانی ڕاست دەبێت بێ دوودڵی و بە دەنگی بەرز بڵێ ساڵی من ساڵی کۆچییە و ئاوازەکەی گەڕەک و شار بە جارێک بتەنێ، ھیجرەتی پێغەمبەری پێشەوا لە مەککەوە بۆ مەدینە، رەنگڕێژی پڕۆژە و قۆناغێکی هەستیار و نوێی دەوڵەتداری بوو، کە دواتر بوو بە سیمبولی پێکەوەیی و لێبوردنی ئایینی بۆ سەردەمێکی تاریک و دەیجوور.

ئەوە سەرەتایەک بوو لە تێپەڕبوون بەناو ستەم و خوێن و چاکسازیی عەقڵی و قەبیلەیی و نەریتگەرایی و تێگەیشتنی خێڵ بۆ دەوڵەت و پێکەوەژیان و لوتکەی یەکتاپەرستی و ئارامی، ھیواش بوو بۆ گەلانی چەوساوە و بێناسنامە و بێدەوڵەت، دەستپێکی دەوڵەتداری و دەستووری سیاسی و دینیی مەدینە بوو، لە ٦٢ بەند و بنەمادا، کە لە شەوی کۆچدا نووسرا و بوو بە ستراتیژ و میساقی مەدینە، بۆ دەیان فەرمانڕەوا و قەڵەمڕەوی هەرێم و والیی ناو خەلافەت، ئەمە شکۆدارکردنی دەوڵەتی مەدەنیی دینی بوو، ئیرادەی خەڵکی بێشوناس و چەوساوە بوو، بەرهەمی خەبات بوو، بۆیە شەرمی ناوێ بە دەنگی بەرز یادی بکەنەوە و بۆ ساڵی زایینیش بکەن بە جەژن و بە هەزاران وێنە و شیرینی و ئاهەنگ بڵاو بکەنەوە، کە ئەمەیان وێنەی ساڵی پێشووە و ئەوەش ساڵی نوێ، ئەی بۆچی بۆ ساڵی کۆچی بێدەنگیت؟

رۆحی منێکی کوردی موسڵمان لەم دیرۆک و بیرەوەری و سەری ساڵەوە زۆر نزیکترە لە سەری ساڵەکانی دیكە، ئەوانیش پیرۆزیان بێ و گەلی من پیرۆزتری بێت، چونکە گەل و نەتەوەی من هێشتا گیرۆدەی میساقێکی وەهای مەدینەیە، کە دەوڵەتی لەسەر دروست بکرێت و بێبەش نەبێت لەو خەون و قەوارە دەوڵەتییە، کە بە سەدان دەوڵەتی مەزهەبی دینیی تاکڕەوی فاشیستی جۆراوجۆر هێشتا دژیەتی.
وەرنە دەرەوە و بیکەن بە جەژن، بۆ هەموو شتێک شەرم بکەن، بەس بۆ عەقیدە و شوناسی ئایینی و شوناسی نەتەوەیی و دەوڵەتسازی نا.

ھیجرەتی مێژوویی سەروەرمان محەمەد (د.خ) و شکۆداری و فەزیلەتی تاک و دروستکردنی قەوارە و شوناسی دەوڵەتییانە لە موسڵمانان پیرۆز بێت و بەختەوەری و ئاشتەوایی و سەربەخۆیی بێنێت بۆ ئەم ھەرێمی كوردستانە و ڕزگاری بێت لەدەست جەور و ستەمی سەدان ساڵەی سوڵتان و ئیمپڕاتۆر و دەوڵەتانی مەزهەبی و دینیی ستەمکار.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو