جۆینی تیلیگرام بن

بەدیلی قەوارەی هەرێم

بەدیلی قەوارەی هەرێم

ئاسۆ عەبدول لەتیف

عێراق سێ جۆر عەقڵیەتی تێدایە بۆ حوکمڕانی، عەقڵێکی مەزهەبی و دینی، عەقڵێکی فاشی و سەربازیی، عەقڵێکی بێخەبەری بەدەوی موفتخۆرو بەرخۆر کە رۆژانە ماسکەکانی دەگۆڕێت بۆ چێژو بژێوی و فێڵ، ئەم عەقڵیەتانە لەکۆتاییدا بوونەتە ئاراستەیەک لە جەهلێکی تاریک دژی نەتەوە و کەمایەتیەکان و بێگومان جەهلیش جۆری زۆرە و خراپترینەکەی جەهلی شمشێر و ملپەڕاندن و فەتوادان وکۆتایی ئەویترە.

کورد گیرۆدەی هەرسێ عەقڵیەتەکەیە، دەسەڵاتدارانی عێراق، نازانن چی روویداوە لە رابردووداو تامی ئازادی و سەربەخۆیی چییەو کورد بۆ شۆڕشی کرد؟ نازانن سنورو لۆژیکی حوکمڕانی و نکوڵیکردن تا توندبێت زیاتر وڵات رووبەڕووی لێکترازان و کارەسات دەبێتەوە، ئەو عەقڵیەتانە بەردەوام دەیانەوێت لە قەوارەی دەستووری هەرێم بدەن و وادەزانن هەرێم و خەڵکەکەی بارن بەسەریانەوەو بەکەوتنی ئەم قەوارەیە ئیدی ئەوان راحەت و ئاسوودە لێی دادەنیشن و عێراقێکی یەکپارچەیان دەستدەکەوێتەوە، دەی ئەو عەقڵە یەکپارچە بیمارو سەرگەردان و بێگوتارەو خاڵییە لە ناوەرۆکی ئینسانیی و پێکەوەیی.

یەکێتی سۆڤیەت تا بیرۆسترۆیکای سەرۆک میخایل گۆرباتشۆف و کۆتایی شەڕی سارد لەساڵی ١٩٩١ زۆر ویستی ئەو مەرکەزیەت و سێنتڕاڵە بپارێزێ و بە ئایدۆلۆژیای ئیستیبدادی ئاگرو ئاسن، دەیان ساڵ دژی نیشتیمانی (ستانەکان) وەستایەوە وەک ئۆزبەکستان و ئەرمەنستان و چیچانستان و تورکمەنستان و تاجیکستان قرغیزستان، کاتێکی زانی دەوڵەت ترازاو بوو بە پانزە وڵاتی سەربەخۆی جیاواز، دەرکەوت هەڵە بووە لەو بەڕێوەبەرییەدا، کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵی بەهەمان شێوە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ مەرکەزیەتی قووڵی نازیزم و شمولیەت و دیکتاتۆری جێهێشت و لە ئیدارەیەکی ئۆتۆکراتی سێنتڕاڵەوە بووە فیدڕاڵیەتێکی تەباو دیموکرات و دابەشبوونی بۆ شانزە هەرێمی جیاواز، ئەوە هێزی ئابوری و هەژموونی زەبەلاحی بەخشیوەتە ئەڵمانیا.

عەقڵیەتەکانی عێراق دوودڵ و ناتەبان و ڕاڕان و دەزانن هەرێم ناکەوێ، مەبەستیان خستنی تەواوەتی نییە، بەڵکو ترسیان لە دروست بوونی قەوارەی سوننی و مەرجەعی جیاوازی شیعەنشینی دیکە هەیەو لە بنەڕەتدا عەقڵەکە خۆی موڕەکەبەو نایەوێ پارچەی تری لێبێتەوە و قەوارەی تر دروست بێت و سیستمی سیاسی کۆمارەکە دەستکاری بکرێ و بگۆڕێت بەرەو فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی، چونکە گەر عەقڵێکی کراوەو ریفۆرمخوازو دیموکرات لەم وڵاتە مابێت ئەوا بۆ عێراقێکی بەهێز، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان رەگەزی گرنگەو باشترە بۆ سەقامگیری و ئارامی لە هەرێمی ئەنباری سوننەکان و موسڵی تورکەکان و بەسڕەی شیعەکان لە ئایندەی نزیکدا.

بۆنمونە هەرێمی موسڵ تا کەرکوک ؟

تورک هێشتا میساقی میللی بیرنەچۆتەوە، نەخشە کۆنەکەی ویلایەتی موسڵ و کەرکوک فشارە لەسەر عەقڵی عێراقی بۆ ڕازیبوون بەوەی هەم تورکمان بپارێزێ و هەم نەوتی ناوچەکانی میساقی میللی بۆ هەناردە بکات و ڕێگری بۆ هەرێم دروست نەکات.

لە دوا ساتی کەوتنی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سوڵتانەکان، رێککەوتن نامەو ئاگربەستێک بەناوی مۆدرۆس کرا لە نێوان سوڵتان محمدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لەساڵی ١٩١٨ بۆ گەڕانەوەی خاک و ئاوی ئەو قەڵەمڕەویانە، بۆیەکەم جار رەجەب تەیب ئەردوگان ئەو ڕێککەوتن و قەڵەمڕەویەی بەناوی میساقی میللی هێنایەوە گۆڕێ و خستیە سەر زاری میدیاکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، ئەوە ئەوکاتە بوو داعش موسڵی کردبوە هەرێمێکی سەربەخۆو تورکیا رەدی کردوەوە بەشداربێت لە رزگارکردنی، دواتریش تورک نەرمی نەنواندایە هەرگیز موسڵ بەو ئاسانییە نەئەگەڕایەوە باوەشی عێراقیەکان. ئێستا وەک رەوایەتیدان بۆ جەنگ و هاتنە ناوەوەی سوپا بۆ باکوری سوریاو عێراق و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لەشکرکێشی بۆ هەموو ئەو سنورانەی ناو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی کۆنی عوسمانی لە رۆژئاوای دەریای ئیجە و باکوری قوبروس و کەناراوەکانی دەریای سپی زۆر ئاسانکراوە بۆ تورکیا، هەموو ئەوانە تیۆری کارپێکراوی عوسمانیزمی نوێیە له‌ توركیاوپراکتیزەکردنی ئاسانە، وەک چۆن بۆ ناگۆرنۆ کەرەباخی یەکلاکردەوە، واباشترە ئەو عەقڵیەتە لەگەڵ کورد رێککەوتن بکات و رێز لە ئیرادەی خەڵکەکەی بگرێت پێش ئەوەی میساقە کۆنەکانی لەملاولا بۆ زیندوو بکەنەوە چونکە هەرێم بەدیلی نییە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو