جۆینی تیلیگرام بن

لەئاوێنەی لۆزاندا، کورد خۆی نابینێ و، داگیرکەریش ناناسێت

لەئاوێنەی لۆزاندا، کورد خۆی نابینێ و، داگیرکەریش ناناسێت

سالار مەحمود

سەد ساڵە لەمەوبەر دابەشبونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی رێکەوتنامەی سیڤەرو لەبەر چاو نەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاهیرە لە ساڵی 1920 داڕێژرایەوە. کورد بوە قوربانی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە دروست بودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی هێزێکی سیاسی کاریگەری کوردستانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بو. بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چواچێوەی لۆزاندا. نەک هەر ئەوە بیرۆکەی دروستبونی کۆماری سوری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵ کرایەوە.

ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لەخەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست هەڵگرتبو بونە بەشێک لە پەرتکردن و راگواستنی کورد.
لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا دروست کرد دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان.
سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دوەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە.
بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لەلۆزان؟
کورد خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردبو ئەو دەمە؟
بۆچی ئەرمەنەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان هاوسۆزنەبون بۆ کورد؟
لە ١٤٣ مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەهاتوەو رێکەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟
لێکەوتەکانی لۆزان بۆ هێشتا بەردەوامە؟
هۆکارەکانی پشت رێکەوتنی لۆزان چی بو؟
پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا هەن و پێویستیان بە گفتوگۆی هێمن و زانستی هەیە، دور لە سۆزگەرایی و خۆ دزینەوە لە راستیە مێژوییەکان.
لە زانستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر هەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نا دەوڵەتی لەهەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبوە لە گۆشەیەکدا گەر هەبوبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکیەوە!.
هەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند بەڵکو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بەنەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆمەڵکوژی دەرسیم و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری بەر کوڵی ئەو رێکەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیای نوێ بو.
لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان
ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بو
ئێستا کورد ئامادەیی هەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.
ئەوسا کورد نەناسراو بو پێگەکەی نەدەخونرایەوە.
ئێستا کورد لەسەر ئاستی هەمو جیهان ناسراوەو پێگەی سیاسی هەیە لە رۆژئاوای کوردستان کانتۆنی هەیە لە باشور هەرێمێکی فیدراڵی هەیە لە ناو دەوڵەتی عیراق پێگەی دەوڵەتی هەیە
لەوەش دڵخۆشکەر تر رەوەندێکی بەهێزی کوردستانی لەتاراوگە بونی هەیە.
لەباکور فراکسیۆنی پەرلەمانی هەیەو سەنگەرێکی بەهێزی هەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا.
لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشورو رۆژاواش تا رادەیەک بونی گەندەڵی پو پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبونی یەک گوتاری لە پرسە سیاسیەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسیەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام هێشتا هەر هێزەو گەر بەباشی بۆ پرسەباڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکار بهێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ بەڵام گوڕە سیاسیەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچەو هێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن.
ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمترن کوردی لێ بو.
ئێستا چەندان لورد پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆن لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا هەن.
ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە بەڵام هێشتا مەترسیەکانی لۆزان هەر بەردەوامە.
تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی هێشتا ملهوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و راسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کەلتوریش بە کورد رەت دەکاتەوە.
لە ساڵی 1999 لە لوتکەی هلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و رێکاری بەدەنگەوەهاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست بەڵام تورکیا لەماوەیەکی کەمدا دەری خست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکس لە ساڵی 2006 لە وەک پارێوڵاویش ناوی سڕایەوە.

هەر سەبارەت بەم پرسە لە 96 ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان گوتارێکی داو رایگەیان کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانیەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسیەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکوری سوریاو عیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی هەردو بەشەکەی کوردستان بو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن.

لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لەماوەی 100 ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوەو هەر هیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە.
لۆزان هەر بەرکارەو هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێ هێنانی. بەڵام لەناو هاوکێشەکانی ناوچەکەو جیهانیشدا هێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکەن.
لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکاریە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێهێشت. هەمو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتیەکان کە دەرهەق بەکورد ئەنجام دراون لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن.
بە ئاوڕدانەوە لە 100 ساڵی رابردو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتیە، بە بەرگەگرتنی ئەو هەمو زلهێزە مرۆڤ کوژو بێ بەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نیەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کەلتورو زمان رەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە.
لۆزان رەگێکی قوڵی لەمێژودایەو لەئێستاماندا هێشتا هەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژوەش بۆ دەرس وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی هەرزانن بۆ بەرژەوەندی گروپێکی بچوک و بە رێگایەکی نانیشتمانی لە رێگەی یاری کردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتیە بێ پێزە بە جوانی وێنا بکەن.
لەسەر دەستی خود ویستی و رەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزمونی سی ساڵەی هەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕ دەبێت.
لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە دەنگە نیشتمانیەکان وزە نوێ و زانیستیەکانی کوردستان لە ماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە رەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو رونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابوری گروپی سیاسی بچوک.
سەدەی نوێ سەدەی کوردو هەڵگەڕانەوەی سەرجەم هاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژوە درەنگ یا زو ئەوە رو دەدات.
تا ئەو ساتەی جیهان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکانی مێژو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە هەرگیز ئۆقرەیی بە خۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم هاوکێشەو لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەش ساڵە براوە نەبوە ئاوەهاش براوە نابێت.
لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ

بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆ شکاندن ئازاو ئامادەن ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە.
لە ئاستی گەلدا، کورد لەهەمو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیا دەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری رۆمانسیەتی فریودەر.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو