لەتیف فاتیح فەرەج
كوردی كه‌ركوك به‌س له بواری سیاسی و په‌یوه‌ندی حزبه كوردیه‌كاندا به‌یه‌كه‌وه كێشه‌و گیر‌و گرفتی نیه ، له بواری رۆشنبیری و خوێتدنهوهو ئاوڕدانه‌وه له كتێبیش هه‌مان كێشه‌ی هه‌یه‌و زۆر كه‌م كوردی كه‌ركوك بایه‌خ به خوێندنه‌وه‌و بواری رۆشنبیری ده‌ده‌ن ، له دوای ساڵی 2003به دواوه ده‌یان ناوهندو رۆژنامه‌و گۆڤار‌و تی ڤی و رادیۆی كوردی له كه‌ركوك كه‌وتنه كار، زۆربه‌ی ئه‌وانه هه‌ر ماوه‌یه‌ك بڕیان كرد‌و یه‌ك یه‌ك كوژانه‌وه ، ئێستا چه‌ند ناوهندو كتێبخانه‌ی كوردی له كه‌ركوك هه‌ن ، كه هه‌فته نیه چالاكیان نه‌بێت ، بۆنمونه كتێبخانه‌ی كارێز ، ناوه‌ندی دایه‌لۆگ ، ساڵۆنی شه‌قامی جه‌مهوری و چه‌ندین كتێبخانه‌ی دیكه ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه كێشه‌و گیر‌و گرفتی جیا جیایان هه‌یه ، چ له ڕووی فرۆش كه‌می خوێنه‌ر، كه‌می هامو شۆكهرو كێشه‌گه‌لی دیكه‌وه ،سه‌یفه‌دین سابیر یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام له هه‌وڵی په‌یداكردنی كتێبدایه بۆ كتێبخانه‌كان له كه‌ركوك و خۆیشی سه‌رپه‌رشتی كتێبخانه‌ی بابهگوڕگوڕدهكات كه له‌ناو مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری كه‌ركوكدایه ئه‌و ده‌ڵێت ” به‌و پێیه‌ی كتێبخانه‌كه له ناو سه‌نته‌ری رۆشنبیری كه‌ركوكدایه رۆژانه‌ش به بۆنه‌ی جیا جیا خه‌ڵك سه‌ردانی ئه‌و سه‌نته‌ره ده‌كه‌ن ، به‌ڵام زۆر كه‌م كتێب ده‌برێت بۆ خوێندنه‌وه ” ئه‌و ده‌ڵێت” زیارت وێنه له گه‌ڵ كتێبه‌كاندا ده‌گیرێت ، ته‌نانه‌ت بوك و زاواش دێن وێنه له پاڵ كتێبه‌كان ده‌گرن ، به‌ڵام ناخوێننه‌وه ” .
محه‌مه‌د تاهیر ساڵۆنی شه‌قامی جه‌مهوری به‌ڕێوه ده‌بات كه هه‌موو دووشهمهیهك كۆڕی تیا به‌ڕێوه ده‌چێت ، ئه‌ویش سه‌رنجی ئێمه بۆ كه‌می به‌شداربوانی كۆڕه‌كان راده‌كێشێت و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت ” هه‌رچۆنێك بێت بوونی باشتره له نه‌بوونی و به‌رده‌وام پرسه جیا جیاكان ده‌وروژێنین و قسه‌یان له سه‌ر ده‌كه‌ین”.
كه‌ركوك یه‌كێك بوو له‌و شارانه‌ی هه‌فتاكان و هه‌شتاكان زۆرترین بزاوتی رۆشنبیری تیا بوو ، به‌شێك له‌و چالاكی و كاره هونه‌ری و شانۆیی و رۆشنبیریانه وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك وابوون بۆ ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام به‌رده‌وام بوون ، كتێبخانه‌ی ئاسۆ یان ته‌لیعه یه‌كێك بوو له‌و كتێبخانانه‌ی جمه‌ی ده‌هات له خوێنه‌رو هه‌ر كتێبێكی تازه ده‌ربچوایه ده‌بوو ناوت بنوسیایه‌و سرهت بۆ گرتبا، به‌ڵام ئێستا‌و دوای نزیكه 40بۆ 50 ساڵ له‌و مێژووه خوێنه‌ر به راده‌یه‌كی زۆر كه‌می كردووه، به‌شێك له كتێبخانه‌كان حه‌زی شه‌خسی كه‌سه‌كه نه‌بێت بۆ كتێب هه‌ر زوو ناچار به داخستن ده‌بێت ، ناوه‌ندی دایه‌لۆگ یه‌كێكه له كتێبخانه جوانه‌كانی شار‌و له ناوه‌ندی شار‌و شوێنێكی ستراتیژیدایه ، به‌ڵام زۆر كه‌م فرۆشی هه‌یه ، ئه‌و كتێب له به‌غداو سلێمانی و هه‌ولێرو شوێنگه‌لی دیكه‌شه‌وه دێنێته شاره‌كه كه‌چی خوێنه‌ریان نیه ، زاهیر شكور خاوه‌نی دایه‌لۆگ پێی وتم ” به‌رده‌وام ترسی داخستنیم هه‌یه ” ئه‌و زۆر جار كتێب و بڵاو كراوه‌ی جیا جیا به خۆڕای ده‌دات به خه‌ڵك هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م خه‌ڵك ئاشنا بكات به خوێندنه‌وه ، كه‌چی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ” كاریگه‌ریه‌كی ئه‌و تۆی نیه ” زاهیر شكور هه‌ر گله‌یی له خه‌ڵكی ئاسای نیه ئه‌و گله‌یی له رۆشنبیران و نوسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانیش هه‌یه چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ” زۆر كه‌م به‌شداری چالاكی رۆشنبیری ده‌كه‌ن و له چالاكیه رۆشنبیریه‌كاندا رۆڵێكی ئه‌و تۆیان نیه ” .
له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی دنیا رۆشنبیران و فیڤهره دیاره‌كانی بواری رۆشنبیری كاریگه‌ری زۆر به سه‌ر رای سیاسیه‌كان و رای گشتیه‌وه ده‌نه‌خشێنن ، هه‌روه‌ها رۆڵیان هه‌یه له رێنمایی و ئامۆژگاری خاوه‌ن بڕیاره‌كاندا له كه‌ركوك ئه‌مه پێچه‌وانه‌یه‌و به‌شی زۆری رۆشنبیران له پرس و بابه‌ته هه‌ستیاره‌كان خۆیان به دور ده‌گرن .
دۆخی رۆشنبیری كوردی له كه‌ركوك هیچ ئومێدێكی ئه‌وه‌ی لێناكرێت بتوانێ داكۆكی له پرسه رۆشنبیریه‌كان و پرسی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردن و توله رانس بكات ، رۆشنبیرانی كه‌ركوك نه‌یانتوانیووه كاریگه‌ری ئه‌و تۆیان هه‌بێت بۆ گۆڕینی رای گشتی یان رای سیاسیه‌كانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م له پرسی چاره‌نووسسازی كوردا پێكه‌وه بن ، به‌شێك له سیاسیه‌كانی كورد به هۆی كاریگه‌ر نه‌بوونی رۆشنبیرانه‌وه له سه‌ر رای گشتی و رای سیاسیه‌كان هه‌میشه رۆشنبیران وه‌ك پاشكۆ سه‌یر ده‌كه‌ن نه‌ك پێشه‌نگ و ده‌سته بژێری بگۆو بگۆڕ .
به قسه‌ی زاهیر شكور كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ناوه‌نده رۆشنبیریه كوردیه‌كانی كه‌ركوكی به ده‌سته‌وه‌یه ، توركمان له كورد زیاتر عه‌وداڵی كتێب و خوێندنه‌وه‌ن ، ئه‌و ده‌ڵێت ” توركمانه‌كان زیار به دوای كتێبدا ده‌گه‌ڕێن و دێنه كتێبهخانهكان بۆ كڕینی كتێب ” هه‌روه‌ها رۆشنبیرانی توركمانیش زیاتر كاریگه‌ریان له سه‌ر سیاسیه‌كانیان هه‌یه، زاهیر سه‌باره‌ت خوێنه‌ری كوردیش ده‌ڵێت ” مامۆستایانی زانكۆ‌و خاوه‌ن بڕوانامه به‌رزه‌كان زۆر كه‌م دێنه پێشه‌نگاكانی كتێب و كتێبخانه‌كان “، سه‌باره‌ت ئه‌و انه‌ش كه زیاتر سه‌ردانی كتێبخانه ده‌كه‌ن به وته‌ی زاهیر كچان له كوڕان زیاتر دێن ، زاهیر تا ئێستا چه‌ندین جار بیری له داخستنی ئه‌و ناوه‌نده كردوه‌ته‌وه ، ئه‌و ده‌ڵێت “تێچووی مانگانه‌ی كرێ ی كاره‌باو شوێن و پێویستی دیكه نزیكه‌ی ملیۆنێك و دوو سه‌د هه‌زاره به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و داهاته‌ی نیه” ئه‌وه جگه له‌وه‌ی گۆڤارێكی وه‌رزیان هه‌یه به ناوی دیالۆگ كه تا ئێستا حه‌وت ژماره‌ی لێده‌رچووه‌و پاره‌ی چاپه‌كه‌ی له سه‌ر ئه‌ركی دكتۆر ته‌ها ره‌سوڵه .
له ئێستادا هیچ رۆژنامه‌یه‌ك له كه‌ركوك ده‌رناچێت له كاتێكا له دوای ساڵی 2003 چه‌ندین رۆژنامه وه‌ك سێبه‌ر، باسه‌ڕه ، كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ ، كه‌ركوكی نوێ ، مانه‌وه ، راستی و چه‌ندین گۆڤاری مانگانه‌و وه‌رزیش بڵاو ده‌كرانه‌وه ، زۆربه‌ی ئه‌و گۆڤار‌و رۆژنامانه یان راسته‌و خۆ یان ناڕاسته‌و خۆ پارتی و یهكێتدی پاڵپشتیان بوون ، به‌ڵام به‌ره به‌ره لێی كشانه‌وه ، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه به هه‌وڵی كه‌سی ده‌رده‌چوون زۆربه‌ی كات دوای چه‌ند ژماره‌یه‌ك شكستیان ده‌خوارد ، ماوه‌ته‌وه بڵێم ته‌مه‌نی كتێبخانه‌ی كه‌سی و كتێبخانه‌ی فرۆش له كه‌ركوك زیاتر له 200 ساڵی تێپهڕاندووهو ته‌مه‌نی كتێبخانه‌ی گشتی كه‌ركوكیش ته‌نها 7 ساڵی ماوه بۆ 100 ساڵ ، به‌ڵام هێشتان وه‌ك حاجی قادری كۆیی ده‌ڵێت :
میلله‌تی بێ كتێب و بێ نووسین
غه‌یری كوردان نیه له سه‌ر روی زه‌مین
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *