جۆینی تیلیگرام بن

کورد لەنێوان ئەردۆغان و کلچدار ئوغلۆدا

کورد لەنێوان ئەردۆغان و کلچدار ئوغلۆدا

هۆگر نێروەیی

ھەڵبژاردن لە تورکیا، ئەگەر کورد بزانێت و واقیع بخوێنێتەوە، بەھۆی ژمارەی زۆری کورد لە تورکیا، سوودی گەورەی بۆ خۆی دەبێت. بۆ كورد کێشە لەوە نییە کێ دەبێتە سەرکۆماری تورکیا، چونکە هەر کێ ببێتە سەرکۆمار دژی پرسی کوردی دەبێت، ئەمە واقیعی مێژووی تورکیایە، بە میرات لە باوانەوە بۆی ماوەتەوە و تا ئێستا نەگۆڕاوە، بەڵام کێشە لەوەدایە، کورد لە ژمارەیەکی گەورە و یەکلاییکەرەوە لە ھاوکێشەکانی تورکیادا، خەریکە بەھۆی پەرتەوازەیی و ناجێگیریی ھەڵوێستی سەرکردەکانی کورد و سۆز و لە ھەمووی گرنگتر نەزانینی دروستکردنی بەرژەوەندیی ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ لایەنی بەرامبەر لە تورکیا، دەبنە ژمارەیەکی بێبایەخ و بێبەرھەم.

‏‎لە یەكەم جەنگی جیھانیدا، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەتەواوی بەرەو ھەڵوەشاندنەوە چوو، کۆلۆنیاڵیزمی بەریتانیا بەھێزیی خۆی لە ناوچەکە دیار کرد، ئەو شوێنانەی داگیر کرد کە پێشتر لەژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بوون، بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆی لە ناوچەکە فراوانتر بکات، بەریتانیا چاوی لە داگیرکردنی ویلایەتی مووسڵ بوو کە پێشتر ھەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرای داگیر کردبوو، دانیشتوانی ویلاتی مووسڵ زۆرینە کورد بوون، بەڵام ئەوکات کورد لەجیاتیی ئەوەی بەرژەوەندی بۆ بەریتانیا دروست بکەن و سیاسەت لەگەڵ واقیعی ڕۆژدا بکەن و لە خەیاڵی دوێنێدا نەژین، کەچی بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتی عوسمانی شەڕی دژی بەریتانیا کرد، ھەروەھا لەگەڵ زۆرینەی عەلاەبی شیعە پێکەوە و لەژێر باندۆری ئایینی کەوتنە شەڕ لەگەڵ بەریتانیا، کورد بەریتانیای بە کافر و عوسمانیشی بە موسڵمان لەقەڵەم دابوو، کە چەند سەدەیەک ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەژێر ناوی ئیسلامدا فەرمانڕەوایی کرد.

‏‎کاتێ بەریتانیا ھات، ھەم عەرەبی شیعەی زۆرینەی ناوچەی میزۆپۆتامیا و کوردی زۆرینەی ویلایەتی مووسڵ دژی بوون و شەڕیان لە دژ کرد، بەڵام بنەماڵەی ھاشمی لە ناوچەكانی خۆیان کە سوننە و کەمینە بوون، چوونە پاڵ بەریتانیا و بەرژەوەندییان بۆ دروست کرد، ئەوە بوو لە ساڵی 1918، لە سەروبەندی ئاگربەستی جەنگی جیھانیدا، بەریتانیا جووڵەی کرد و ویلایەتی مووسڵی داگیر کرد، بۆ ئەوەی ھەر بە حاکمی ناوچەکە بمێنێتەوە، بەرژەوەندیی بەتەنیا بۆ خۆی نەویست بەڵکوو بەرژەوەندیی بۆ زۆریان دروست کرد، نە ئەوانەی لەبیر کرد کە لەگەڵیدا بوون، نە ئەوانەش لە سزای خۆی بێبەش کرد، کە دژی بوون، بۆیە دەوڵەتێکی نوێی بە ناوی عێراق دروست کرد و ویلایەتی مووسڵی پێوە لکاند و یەکێک لە بنەماڵەی ھاشمی سوننەی بە ناوی فەیسەڵ کردە پاشا (مەلیک)ی عێراق.

‏‎دوای دروستکردنی دەوڵەتی عێراق، بەریتانیا لەگەڵ واقیعی ناوچەکە مامەڵەی کرد، بەرژەوەندیی لەسەر حسابی لاوازەکان بۆ بەھێزەکان دروست کرد، بۆ ئەوەی فەڕەنسا دان بەو واقیعە و دەوڵەتی نوێی بەناو عێراقدا بنێت، ئەویش چەندین بەرژەوەندیی بۆ دروست کرد، کوردیش سەرەتا بە ڕێککەوتنی سیڤەر بەنج کرا، گوایە گەلانی ناوچەکە مافی چارەنووسی خۆیان دیار بکەن، بەڵام چونکە تورکیا بەو ڕێککەوتنە ڕازی نەبوو، قەرەبووی تورکیای بە ڕێککەوتنی لۆزان کردەوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە داھاتی خانەوادەی فەیسەڵی پاشای عێراق بۆ تورکیا بێت، کۆتایی بەو ناکۆکییە ھێنا، تورکیاش دانی بەوەدا نا کە ویلایەتی مووسڵ ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق، بەڵام چونکە کورد ھەر لە خەیاڵی دوێنێدا بوون، ڕێککەوتنی سیڤەر گۆڕا بۆ ڕێککەوتنی لۆزان و لە ھەموو مافێک بێبەش کرا! دەتوانین بڵێین ئەوکات پەرتەوازەیی کورد و نەزانین و ناجێگیریی ھەڵوێستی سەرکردایەتیی کورد بوو، کە کورد لە ھەموو مافێک بێبەش کران و جارێکی دیكە کورد بووە خەڵووزی بەرژەوەندیی زلھێزەکان.

‏‎ئێستاش، کە تورکیا بەرەو ھەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەچێت، ڕکابەریی توند لەنێوان ھەردوو جەمسەری تورکیا، ئەردۆغان و کەمال کلچدار ئۆغلۆدا هەیە و ھەر زوو پەکەکە لە شاخەکان خۆی یەکلایی کردەوە، کە پشتگیریی لە کلچدار ئۆغلۆ دەکات، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی باش کە تورکە ڕەگەزپەرستەکان دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، کە پێم وایە ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر ھەیە بۆ ئەوەی ڕای گشتیی تورکەکان لەگەڵ ئەردۆغاندا بێت، ئەمە جگە لەوەی کە سیاسەتی پەکەکە جگە لە زیان ھیچی بۆ کورد لێ سەوز نەبووە، نیوەی کورد دەچنە پاڵ ئەردۆغان، گەرچی لەسەر ھەموو دوژمنکاریی ئەردۆغان، ھەر لە سەردەمی ئەردۆغاندا بوو کورد توانیی بە ئازادی بڵێت کوردم و حزبی تایبەت بە خۆم بە کوردی دەبێ، ئەمە جگە لە ناڕوونیی سیاسەتی ھەدەپە کە لەژێر باندۆری پەکەکەدایە، بەبێ ھیچ ڕێککەوتنێک کە دڵنیایی ھەبێت، دەمیرتاش لە زیندانەوە بە شان و باڵی کلچدار ئۆغلۆیدا هەڵدا و پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕی.

‏‎ئەوەی کورد لە توركیا ئەم جارە دەیکات، بە ھیچ شێوەیەک سیاسەت نییە، بەڵکوو لایەنی سۆزە لەسەر بنەمای ڕق و کینە کە ھەمیشە بەرھەمی سۆز خۆخۆریی لێ دەکەوێتەوە و جگە لە زیان ھیچی لێ دەست ناکەوێت، سیاسەت بەرژەوەندی بۆ تۆ دروست دەکات کەچی ئەمسەر و ئەوسەری کورد دیار نییە و زیاتر بەرەو تونێڵێکی تاریکتر دەچێت، ئەگەر کورد لە تورکیا یەک دەنگ بوایە و ھەڵوێستی سەرکردەکانی کورد جێگیر بوایە، ھەمیشە دەیتوانی بۆ ھەموو ھاوکێشەکانی تورکیا ببێتە ژمارەیەکی گەورە، کە ئەوکات ئەردۆغان یان کلچدار ئۆغلۆ، یان ھەر ناوێکی دیكە بوایە، بەناچارییش بوایە، بەرژەوەندیی بۆ کورد دروست دەکرد و زۆر لە مافەکانی بۆ دابین دەکرد و کورد لە قۆناغێکی باش بۆ قۆناغێکی باشتر دەچوو، نەک وەکوو ئێستا لە قۆناغێکی خراپ بۆ قۆناغێکی خراپتر بچێت.

‏‎لەبارەی ئەوەی کێ ئەمجارە دەبێتە سەرکۆماری تورکیا؟ بەپێی ھەموو ئەگەر و ڕاپرسییەکان کلچدار ئۆغلۆ دەبێتە سەرۆک، بەڵام بە دیدی خۆم، زلھێزانی ھەرێمی و جیھانی لە ناوچەکە، بەتایبەتی ڕووسیا و ئێران، ناھێڵن کەسێک سەرکردایەتیی تورکیا بکات کە زیاتر مەیلی بۆ ڕۆژئاوا ھەبێت، بەڵکوو ھەر ئەوە دەبێتە سەرۆک، کە وەکوو خۆیان زیاتر مەیلی ڕۆژھەڵاتی ھەبێ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ھاوبەشی یەکتر، جا كە ئەردۆغانیش جارێکی دیکە ببێ بە سەرۆک، ددانەکانی ھەم بۆ بەرامبەر بە کورد، ھەمیش بۆ ڕۆحی ھەدەپە زیاتر تیژ دەکات، تاکە پارتی فەرمیی ئازادی کوردیش لە تورکیا ئەگەر لەناویش نەبات، نیوەڕۆحی دەکات کە ئیدی دەرفەتی نەبێ ببێتە ڕۆحێکی تەواو و بە ھەموو شێوەیەک کاریگەریی خۆی لەدەست دەدات، کوردیش بۆ چەندین ساڵی دیكە بەتەواوی بێ ئومێد دەکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو