کاوە فەقیەزادە، هونەرمەند و ژەنیاری کورد، دوو بەرهەمی چاپکراوی فێرکاری لەبارەی ئامێری سەنتوور بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو؛ چاپ و بڵاوکردەوە.
چاپکراوی یەکەم بەناوی ‘گۆرانییەکانی، لەسەر بنەمای مۆسیقا و میلۆدییەکانی کوردستان’ـە و تایبەتە بە ئامێری سەنتوور کە لە 200 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا بە چاپ گەیێندراوە.
کاوە فەقیەزادە، لە پێشەکی ئەو بەرهەمە میوزیکییە چاپکراوەدا، دەڵێت: “سەرچاوەی فۆلکلۆر، دەگەڕێتەوە سەر ئەو بیر و بڕوا و داب و نەریت و حەکایەت و گۆرانییە گەلەرییانەی کە لە بەرەبەیانی مێژووی ژیانی خەڵکەوە هاتوون و لە روانگەی زانستی کۆمەڵنەساییەوە، راگرتن و پاراستنیان لەسەر شانی چینەکانی ناوەندی و خوارووی کۆمەڵدا بووە”.
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە؛ گۆرانیی هونەرمەندانی کورد عەلی مەردان، تاهیر تۆفیق و محەممەد ماملێ لەخۆدەگرێت، بەشی دووەمی تایبەتە بە گۆرانییەکانی هونەرمەند حەسەن زیرەک و بەشی سێیەمی بە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەزهەر خالقی.
چاپکراوی دووەمی ئەو هونەرمەندە بەناوی ‘ئەلفبێی سەنتوورە، لەسەر بنەمای مۆسیقی و میلۆدییەکانی کوردستان’ـە و لە 56 لاپەڕەدا قەربارە گەورەدا بە چاپ گەیێندراوە.
فەقیەزادە، لە پێشەکی ئەم بەرهەمەدا دەڵێت: “بەرەوپێشچوونی مرۆڤ پێویستی بە فەرهەنگی بنەماڵە و پەروەردە و راهێنانی بەکاوەخۆ هەیە، دیارە هەرچەند رادەی ئەم پەروەردەیە زیاتر و دروستتربێ، زووتر بەم ئامانجە دەگات”.
کاوە فەقیەزادە، لە مھابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی ھونەر لە تاران و لە بواری ‘ناسینی میوزیکی’ وانە دەڵێتەوە. هونەری میوزیکی بۆ ماوەی یەک ساڵ لەلای هونەرمەند یوسف رەبیعی خوێندووە، دواتر دەچێتە تاران و لە قوتابخانەی فەرامەرز پایوەر، کە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندانی ئێرانە، لە ژێر چاوەدێریی ئەودا و بە راهێنانی سەعید سابت خولی تایبەتی بۆ ناسینی ئامێری سەنتوور بۆ ماوەی هەشت ساڵ تێپەڕاند.
پاشان چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی ئەلفوبێیی میوزیکی و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و رەسەنەکانی هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و دابەشکردنی بۆ ئامێری سەنتوور دەستپێکردووە.
بۆ ماوەی چوار ساڵ لە سلێمانی لە باشووری کوردستان لەسەر میوزیکی کوردی لێکۆڵینەوە و توێژینەوی بۆ ئەنستیتۆی کورد کردووە، هاوکات وەکوو مامۆستایەکی میوزیک لە زانکۆی هونەرەجوانەکان وانەی گوتووەتەوە.
دامەزرێنەر و مامۆستا و بەڕیوەبەری خولە فێرکارییەکانی میوزیکی کوردییە بۆ ئامێری سەنتوور و تا ئێستا زیاتر لە 20 کتێبی تایبەت بە هونەری میوزیکی چاپکردووە.
فێرگەی میوزیکیی وەفایی لە مھابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندووە، لە ناوچەی موکریان، ئۆڕکێسترای فیلارمونیکی موکریانی دامەزراندووە.
لە 17ـی کانوونی دووەمی 2021 لە هۆڵی بۆنەکانی هۆتێل تارا لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی ساڵانەی ماملێی پێبەخشرا و ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ماڵباتی ماملێ ئامادەیبوون، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێوڕەسمەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوە نەچوو.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *