بە بەشداری 110 قوتابی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات، شانۆگەرییەک بەشێوەی راستەوخۆ، لە هەولێر پێشکێشکرا و چەند چیرۆکێکی جیهانیی منداڵانی بە سیناریۆیەکی جیاواز پێشکێشکرانەوە.
سارینا پەناهیدە، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە و بەڕێوەبەری ئاڕت ئەکادیمی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی شوەیفات، رایگەیاند، یەکەمجارە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمێکی شانۆیی منداڵان بەشێوەی لایڤ نمایشبکرێت، چونکە بەرهەمەکانی دیکەی شانۆیی منداڵان پێشتر ریکۆرد دەکرێن و دواتر دەنگیان دەخرێتە سەر و بڵاودەکرێنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە شانۆگەری “Enchanted” سێ گرووپی جیاواز بەشداربوون کە لە 110 قوتابی تەمەن 5-16 ساڵی شوەیفات پێکهاتبوون، نمایشەکە لە سەما و جمناستیک پێکهاتبوو و شەش چیرۆکی جیاوازی لەخۆگرتووە و باس لە هەشت قوتابی دەکات کە دەچنە نێو کتێبخانەیەکەوە و کتێبێکی جادوویی دەدۆزنەوە و بەرەو جیهانێکی دیکەیان دەبات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قوتابیان لە هەر چیرۆکێکی ئەم بەرهەمە شانۆییەدا، وانەیەک فێر دەبن، لەوانە چیرۆکی ساندرێلا و رابن هود و یەکێک لە وانەکان ئەوەیە، گوێ لە قسەی خەڵک نەگرن تاوەکو راستییەکان بە چاوی خۆیان نەبینن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *