به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، ده‌ڵێت: ”له سنووری ئیداره‌ی سۆران چه‌ندین شوێنی شوێنه‌واری تۆمار كراون و تا ئێستا زیاتر له هه‌زار پارچه شوێنه‌واری گرنگ دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌بوونی مۆزه‌خانه‌یه‌ك و بینایه‌ی تایبه‌ت گرفتی سه‌ره‌كیمانه، ته‌نانه‌ت له كاتى سه‌ردانى باڵوێز و كونسوڵی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ لامان، له‌سه‌ر شه‌قام كۆ بووینه‌وه“.
عه‌بدلوه‌هاب سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، رایگه‌یاند: ”به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌واری سۆران له ساڵی 2006 دامه‌زراوه، سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ر چوار قه‌زاكانی (سۆران، رواندز، مێرگه‌سۆر، چۆمان، به ناحیه‌ی بالیسانیشه‌وه) ده‌كات، وه‌ك دیاریشه شوێنه‌وار به ناسنامه و شوناسی گه‌لان داده‌نرێت و وڵاتان زۆر بایه‌خ به كولتوور و شوێنه‌واری نه‌ته‌وه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئه‌ركی دۆزینه‌وه و پاراستن و نمایشكردنیان به‌لایه‌نه‌وه زۆر گرنگه، كه‌چی به‌داخه‌وه لێره كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك به‌دی ده‌كه‌ین، بۆ نموونه، زیاتر له 17 ساڵه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌واری سۆران دامه‌زراوه، تائێستا نه بینایه‌ی تایبه‌ت به خۆمان هەیە، نه مۆزه‌خانه‌یه‌كیشمان هه‌یه، ئه‌وه‌ش گرفتێكی زۆر گه‌وره‌یه، كه نه‌توانین وه‌ك پێویست ئه‌و پارچه شوێنه‌وارییانه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه، له شوێنێك دایان بنێین و پارێزگاری‌یان لێ بكه‌ین”.
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، گوتیشی: “به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌بوونی شوێنێكی تایبه‌ت به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان، ناچار بوومه له‌جیاتی له مۆزه‌خانه‌ی شوێنه‌واریی شاره‌كه‌م پێشوازی له باڵوێز و كونسوڵی وڵاته یه‌كگرتووه‌كان بكه‌م، له‌سه‌ر شه‌قام دیدارمان هه‌بووه، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئومێدێكی زیاتر دروست بووه، بۆ ئه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌ك له سۆران دروست بكرێت، نووسراوی فه‌رمییش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كراوه و به‌ڵێنیشمان پێ دراوه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌بێت به كردار جێبه‌جێ بكرێت و له چاوه‌ڕوانیداین”.
عه‌بدلوه‌هاب سلێمان ئاشكراشی ده‌كات: “له سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، تائێستا زیاتر له هه‌زار شوێنی شوێنه‌واری تۆمار كراون و له هه‌ندێك له‌و شوێنه شوێنه‌وارییانه، كاری هه‌ڵكۆڵین و پشكنین، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ناوخۆیی و تیمی زانكۆكانی بیانی ئه‌نجام دراوه، ئێستاش جگه له تیمی ناوخۆیی، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شوێنه‌وار و شوێنه‌واری سۆران، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند زانكۆیەكی شوێنه‌واریی جیهانی كراوه، كه له سنووره‌كه‌مان كاری هه‌ڵكۆڵین ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وانیش بریتین له (زانكۆی هاڵه مارتن لۆپه‌ری ئه‌ڵمانی، زانكۆی كیڵی ئه‌ڵمانی، زانكۆی كامبێردجی به‌ریتانی، زانكۆی بۆستن و پنسلڤانیای ئه‌مریكی، زانكۆی ئۆتۆنۆمووسی به‌رشه‌لۆنای ئیسپانی”.
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: “له ماوه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان تا ئێستا، زیاتر له هه‌زار پارچه شوێنه‌واریمان دۆزیونه‌ته‌وه و لای خۆمان پارێزراون، وه‌ك دیاریشه شوێنه‌وارناس و زانكۆكانی بیانی هه‌زاران دۆلار خه‌رج ده‌كه‌ن، تا پارچه شوێنه‌وارێك ده‌دۆزنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مۆزه‌خانه‌یه‌ك یان شوێنێكی تایبه‌ت بۆ دانانی ئه‌و پارچه شوێنه‌وارییانه نه‌بێت و هه‌ر كۆكردنه‌وه‌یان له كۆگایه‌ك بێت، ئه‌وه باشتر وایه له‌ژێر گڵ‌دا بمێننه‌وه نەك دەربهێنرێن، چونكه ئه‌زموونی كاركردن له‌م بواره پێی سه‌لماندوومه، كه سروشت له ئێمه باشتر پارێزگاری له شوێنه‌واره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌كات”.
له دوا قسه‌كانیدا، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری سۆران، گوتی: “به‌هیواین هه‌رچی زووه رێكاره‌كانی كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌كی شوێنه‌واری و كولتووری له شاری سۆران بكه‌وێته واری جێبه‌جێ كردن و ده‌ست به‌و پڕۆژه‌یه بكرێت، ئه‌وه‌ش جگه‌له‌وه‌ی ده‌بێت بە هۆكارێك بۆ پاراستنی ئه‌و پارچه شوێنه‌وارییانه‌ی، كه ده‌دۆزرێنه‌وه، له‌هه‌مانكاتیشدا گرنگی و تایبتمه‌ندیی خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر زیاتر ناساندنی كولتوور و شارستانیه‌تی گه‌له‌كه‌مان، هه‌روه‌ها كه‌رتی شوێنه‌وار یه‌كێكه له‌و كه‌رتانه‌ی، كه ده‌كرێت بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووری سوودێكی زۆری لێ وه‌ربگیرێت و ببێته هۆكاری ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هاووڵاتییانی كوردستان و سنووره‌كه‌مان به‌تایبه‌تى“.




Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *