لە دووریی سێ کیلۆمەتر لە گوندی ئەلعەزیزی نزیک خارپێتی باکووری کوردستان، شوێنەوارێکی سەردەمی ڕۆمییەکان دۆزراوەتەوە، ئەم شوێنەوارە لەناو دۆڵێکدا بە درێژایی چوار کیلۆمەتر هەڵکەندراوە.
بە گوتەی ئیسماعیل ئایتاچک، پسپۆری بواری زانستی شوێنەوار، ئەم شوێنەوارە، گۆڕدەخمەیەکە و پێ دەچێت مێژووەکەی بۆ ١٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا بگەڕێتەوە و وەک شوێنێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەلایەن بڕوادارانی ئایینی کریستیانەوە بەکار هاتبێت.
ئیسماعیل ئایتاچک لەبارەی مێژووی ئەم ناوچەیەوە دەڵێت: “بەهۆی نزیکیی ئەم ناوچەیەوە لە ڕووباری فورات، چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیان لێرە دەستی پێ کردووە و بەردەوام لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا شوێنەواریان لێ بەجێ ماوە و پێ دەچێت ئەم دەخمە مێژووییە وەک پەرستگایەک لەلایەن کریستیانەکانەوە بەکار هاتبێت”.
بەشێکی ئەم گۆڕدەخمەیە بە شێوازێکی تایبەت بۆ ناشتنی تەرمی منداڵ بەکار هاتووە، کە جێی سەرنج و بایەخی شوێنەوارناسانە. لە بەشێکی تری ئەم شوێنەوارەدا چەند گۆڕێکی دوونهۆمی دۆزراونەتەوە، شێوازی دروستکردن و دیزاینی ناوەوەی جیاوازە لەگەڵ گۆڕەکانی تر؛ وەک هەبوونی ڕەف و پەنجەرە. بەپێی توێژینەوە سەرەتاییەکان کە بۆ ئەم شوێنەوارە کراوە، پێ دەچێت بەشێک لەم دەخمانە وەک کۆگایەک بۆ کۆکردنەوەی دانەوێڵە بەکار هاتبێت، بۆیە ڕەنگە ئەم ناوچەیە بێجگە لە گرنگیی ئایینی و نیشتەجێبوون، لە ڕووی ئابوورییشەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەبووبێت.
لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەم شوێنەوارە هیشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بە گوتەی بەرپرسە شوێنەوارییەکانی ناوچەکە ئەوان بەردەوام دەبن لە درێژەدان بە کاروباری کنە و پشکنینی شوێنەواری لەم شوێنەوارەدا.
ئەم شوێنەوارە کە تا ئێستا لە لیستی کەلەپووری و شوێنەواریی تورکیادا تۆمار نەکراوە، لە سەرەتاوە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە و دواتر بەرپرسانی ناوچەکە لە هەبوونی ئەم شوێنەوارە ئاگادار کراونەتەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی arkeofili



Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *