جۆینی تیلیگرام بن

ئەزموون، خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی فێستیڤاڵی (سانتا باڕباڕا)ی بەدەست هێنا

ئەزموون، خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی فێستیڤاڵی (سانتا باڕباڕا)ی بەدەست هێنا

فیلمی سینەمایی (ئەزموون)، كە لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد (شەوکەت ئەمین کورکی)یە، لە 37مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (سانتا باڕباڕا) لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی (ئەزموون- The Exam) چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، لە بەرهەمهێنانی (مەمەد ئەکتاش) و بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، لە دوو سانسی جیاوازدا، لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی37مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باڕباڕا- Santa Barbara  لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و لەلایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەمایی و ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، بەگەرمی پێشوازیی لێ کرا و توانیی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی ئەم ڕووداوە کۆن وگرینگەی سینەمای ئەمەریکا، بە ناونیشانی جێفڕی سی. بارباکۆ- Jeffrey C. Barbakow  بەدەست بێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی37مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باڕباڕا بریتی بوون لە (کاڕلۆس ئاگیۆلارCarlos Aguilar، جۆستین بێتیمێنJustine Bateman، دۆپ بۆسۆDupe Bosu، جۆلی کارمێن Julie Carmen، ئانلی ئێلینگسۆنAnnlee Ellingson، تیم گریرسۆنTim Grierson، بیندریا جولی Beandrea July، ئێلیزابێت لوElizabeth Lo، ئێسکات مانتز Scott Mantz، خۆزێ نۆڤۆئا Jose Novoa، گیل ڕابێرتسۆن Gil Robertson، چاڕلز سۆلۆمۆن Charles Solomon، ئانجی وانگ Angie Wang، ئێستیو زێن Steve Zahn، ئانتۆنی زێربە Anthony Zerbe و ئانێت زێربە Annette Zerbe. 37ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سانتا باڕباڕا، SBIFF بەهاوکاریی ڕێکخراوی ناحوکمیی (یو.جی.جی UGG) و بە بەشداریی ئەستێرەناوداره‌کانی سینەمای دنیا و بە نمایشی 200 فیلم لە سینەماکارانی 54وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێیی و دەرەوەی پێشبڕکێیی، لەوانە:بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلمی کورت و درێژ،بەشی پێشبڕکێی ئەنیمەیشن، بەشی پێشبڕکێی سینەمای سەربەخۆ، بەشیپێشبڕکێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشی پێشبڕکێی سینەمای نۆڕدیک، بەشی سیمینارە سینەماییەکان، بەشی پسپۆڕانەی ڤۆرکشۆپی فێرکاری و … لە ڕۆژانی 2 تا 12ی ئاداری 2022، لە شاری سانتا باڕباڕا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوە چوو. ئەزموون، بەرهەمی کۆمپانیای (میتۆس فیلم)ی بەرلین و کۆمپانیای (مەستی فیلم)ی سلێمانی، کە بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لەلایەن کۆمپانیای ئەڵمانی (ئاڕت هوود ArtHood) لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.

لە فیلمی سینەمایی (ئەزموون)دا، کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، کاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان و … . فیلمی سینەمایی ئەزموون لەدوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی سەرەکیی 27مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ڤیکتۆریا Victoria) لە وڵاتی کەنەدا نمایش کرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێ کرا و توانیی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەست بێنێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو