دڵخۆشی کردنەوەی بەناوبانگترین شەقامی ڕۆشنبیری لە بەغدا بەردەوامە، وەک دەستپێکێک بۆ گێڕانەوەی ناسنامەی پایتەختی ڕۆشنبیری بۆ بەغدا.
شەقامی موتەنەبی دەکەوێتە تەنیشت ڕووباری دیجلە لە ناوەڕاستی بەغدا، بەناوبانگترین شەقامی ئەو وڵاتەیە، کە کتێبخانە و قاوەخانەکانی گوزارشت لە مێژووی دێرینی ئەو شارە دەکەن.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو عێراقیەکان بەگشتیی و ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان بە دیمەنێکی نوێی موتەنەبییەوە دڵخۆشیی خۆیان بۆ پێشوازییکردن لە ساڵی نوێی زاینی دەربڕی.
بەنین عێراقی، چالاکوانێکی بەغدایە و بەجلی کەلتووری بەغداوە چووەتە شەقامی موتەنەبی، ئەو بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: نۆژەنکردنەوەی شەقامی موتەنەبی خاڵێکی ئەرێنییە، کە ئامانج لێی گێڕانەوەی ڕۆحی ڕۆشنبیریە بۆ بەغدا، دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگوێخرابوو.
بەنین دەشڵێت: بەغدا پێویستی بە موتەنەبی و ئەوانی دیکە هەیە، چونکە گرنگترین و جوانترین شەقامی بەغدان.
هەروها سامی مەحمود، هونەرمەندی عێراقی بەڕۆژنیوزی وت: شەقامی موتەنابی تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە شەقامێکی ڕۆشنبیری و زانست و فەلسەفەیە، لەڕابردوودا ئەم شەقامە بووەتە ئامانجی چەندین هێرشی تیرۆریستی، کە دەیان کتێب فرۆشیان کوشتووە.
بەغدا خاوەن مێژوویەکی دێرینی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو مێژووە دەوڵەمەندە هەگبەی ئەو شارەی پڕکردووە لە ئاسەوار و شوێنی مێژوویی بەنرخ، کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەشێکیان بەهۆی کردەوە تیرۆریسییەکان و ئاڵۆزییەکانی ئەو شارەوە ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە.

عەلا مەعن، ئەمینداری گشتیی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاند: ئێمە لە قۆناغی بنیاتنانەوەی شەقامی ڕەشید و هەموو گەڕەکە دێرینەکانی ناوەندی پایتەختداین، هەڵمەتەکان بۆ گێڕانەوەی ڕۆحی ڕۆشنبیری بۆ بەغدا بەردەوامە و پرۆژەی داهاتوو هەیە.
ساڵی ٢٠٠٧ شەقامی موتەنەبی بووە ئامانجی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو، بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٦٥ کەسیش برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر شەقامەکە کەوت، بەڵام پشتگوێخستنی حکومەت بۆ نۆژنەکردنەوەی شەقامەکە وای لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی عێراق کرد، لە چەندین بۆندا داوای نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە بکەن، سەرەنجامیش شەقامەکە نۆژەنکرایەوە و دووشەممەی ڕابردوو بە بەرگێکی نوێیوە بەڕووی سەردانیکەرانیدا کرایەوە.



Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *