جۆینی تیلیگرام بن

چی لە پشت لە پەیامەکانی شاسوار عەبدوالواحیدەوەیە؟

چی لە پشت لە پەیامەکانی شاسوار عەبدوالواحیدەوەیە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو

لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوو پەیامی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەکان کردووە کە ئەگەر دەیانەوێت لە دەرەوەی پارتی سەرۆک وەزیران یان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن ئەوا پەرلەمانتارەکانیان ئامادەن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن.

شاسوار عەبدوالواحید سیاسییەکی بازرگان، کە بەردەوام هەنگاوەکانی جێگای گومانی لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و دەنگە ناڕازیەتییەکان بووە.

لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەکەیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە لەگەڵ هیچ کام لەلایەن سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی رێککەوتن یان لێکتێگەیشتنێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو هێزە هەبێت.

بە پێچەوانەوە لە زۆر قۆناغدا دەستبار و هاوکاری پارتی دیموکرات بووە و دواتر لە رێگەی میدیاکانیەوە شەرعیەتی بەو هەنگاوانەی داوە.

ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاویکردەوە داوای لە هێزەکانی دەرەوەی پارتی کرد کە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی داهاتووی پەرلەمان ئامادەبن تا دەنگ بە کاندیدی ئەوان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدرێت.

بە گوێرەی لێکدانەوەی شارەزایان، شاسوار عەبدولواحید بەم پەیامانە رای گشتی بۆ چوونە ناو حکوومەت و پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکرات ئامادە دەکات.

دەیەوێت لە میدیاکانیەوە بانگەشەی ئەوە بکات کە هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئامادە نەبوون بە دەم بانگەوازەکەیەوە بچن و بەوە تۆمەتباریان بکات کە لە ژێر کاریگەری ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەدان.

لە پەیامەکەی ئەمڕۆیدا داوای لە هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کرد کە بچنە پەرلەمان و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ئامادەن دەنگ بە کاندیدەکانیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدەن.

شاسوار لەم پەیامەیدا هاوشێوەی سەرجەم هەنگاوەکانی دڵنیایی ئەوەی تێدایە کە کۆبوونەوەکە ئەنجام نادرێت و رێژەی یاسایی تەواو نابێت کورسی ئەو لایەنانەنی ئەو ناوی هێناون گەر سەرجەمیان بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن ناتوانن رێژەی یاسایی تەواو بکەن.

جیا لەوەش ئەو ١٦ پەرلەمانتارەی خۆیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید کردووە تەنیا لە ناو پارتی و یەکێتی نەوەی نوێدان، ئەوەش مانای وایە ئەگەر کۆبوونەوەکەش ئەنجام بدرێت دیسان لایەنەکانی دەرەوەی ئەو سێ لایەنە ناتوانن کاندیدیان هەبێت.

بە بڕوای شارەزایان بوونی کاندیدی نەوەی نوێ بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نیشانەی رەزامەندی ئەو حیزبەیە بۆ بەشداری کردن لە کابینەی داهاتوو و بەڵام دەیەوێت هەرچۆنێک خۆی لە زیانەکانی چونە ناو حکوومەت بپارێزێت تا ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە نەکاتەوە.

مانگی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەردانێکی نهێنی شاسوار بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد، کە لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوویەوە، ئەوەش ئەوەندەی دیکە گومانەکانی لە بوونی پەیوەندی ژێر بە ژێرەکانی زیاتر کرد.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو