وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، گەشبینن بەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگرێت و چاویشیان لەوەیە یەکێتیی ئەورووپا هەمان کار بکات. وەزیری دەرەوەی نەرویجیش کە بە سەردانێک لە دیمەشقە وتی، پێویستە رێگەیەک بۆ هەڵگرتنی سزاکان بدۆزرێتەوە و دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی سووریا بدۆزنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2024، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئیسپان بارس ئید، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی سووریا وتی، “بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا (ئیدارەی ترەمپ) بۆ باسکردنی ئەو رێگرییانە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر خەڵکی سووریا”. دەشڵێت، “بە ئەرێنیی دەڕوانینە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کە لە لایەن ئەوانەوە سەپێندراون”.
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات. تاوەکو ئێستا روون نییە هەڵوێستی خۆی و ئیدارەکانی بەرامبەر سووریا چۆن دەبێت، هەرچەندە ئیدارەی ئێستا دوای رووخانی ئەسەد ژمارەیەک سزای سەر دیمەشقی هەڵگرت.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، “دەمەوێت ئاماژە بە گرنگی هەڵگرتنی ئەو سزایانە بکەم کە نەک تەنیا کاریگەرییان لەسەر حکومەت هەبووە بەڵکو کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ئاساییش هەبووە. ئەو سزایانە کە جۆرێکن لە سزادانی بە کۆمەڵ، دۆخی مرۆیی وڵاتی خراپتر کردووە و رێگری بۆ هەوڵەکانمان دروستکردووە بۆ ئەوەی دووبارە وڵات بنیات بنێینەوە.” جەختی لەوەش کردەوە، “داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بە نەرویجیشەوە، کە دۆخی خەڵکی سووریا لەبەرچاو بگرن و کار بۆ پاڵپشتیکردنی هەر هەوڵێک بۆ لابردنی ئەو سزایانە بکەن.”
ساڵی 2011 خۆپێشاندانی سوورییەکان دژی رژێمی ئەسەد دەستیپێکرد و دواتر بووە شەڕی نێوخۆ. حکومەتی ئەو کات بە کوشتنی خەڵک، ئەشکەنجەدانیان و چەندین کاری دیکە تۆمەتبارکرا، ئەمە وایکرد یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ژمارەیەک سزا بەسەر بەرپرسانی ئەو کات و حکومەتی سووریادا بسەپێنن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *