جۆینی تیلیگرام بن

لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی باسی چی کراوە؟

لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی باسی چی کراوە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو

لە کۆبوونەوەکەدا چی باسکراوە؟

ئێوارەی ڕۆحژی پێنج شەممە هەواڵی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاشکرا بوو کە رۆژی رابردوو ئەنجامیان داوە.

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکەم جار زانیارییەکەی ئاشکرا کرد و وتی ، دوێنێ چوارشەممە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیان بە ڕاشکاوی و ئارامی ئەنجام داوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزوویی.

ئەمە یەکەمین جارە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە دوای گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانیان کۆ دەبنەوە، کۆبوونەوەکە لە پاش چەند کۆبوونەوەیەکی هەردوو حیزبەکە دێت کە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەنجامیانداوە.

هەرچەندە کۆبوونەوەکە بەستڵەکی ئەو ناکۆکییە توندە دەشکێنێت کە لە نێوان هەردوولا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دروست بووە، چەندین دۆسیەی جیاواز لە نێوانیان کەڵەکە بووە و پێویستی بە نزیکبوونەوەی زیاتر هەیە تا بتوانن لەسەری بگەنە رێککەوتن.

پێشتر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی ئەوەی بە دەنگدەرانی دابوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنێت کە مەبەست لێی ئیدارەدانی حکوومەتی هەرێم بوو لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیار وایە شاندە تەکنیکییەکەی هەردوولا هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە کۆبنەوە بەڵام هێشتا شوێن و وادەی کۆبوونەوەکەیان دیاری نەکراوە.

نزیککەوتنەوەی پارتی و یەکێتی لەم کاتەدا پەیوەستە بەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدەن هەردوولا خواستی ئەوەیان هەیە لە زووترین کاتدا حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت.

هەر رۆژی رابردوو شاندێکی باڵای ئەمریکییەکان سەردانی مەسعود بارزانیان کرد و بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی ئەمریکییەکان خۆشحاڵی خۆیان بۆ نزیکبوونەوەی هەردولا نیشانداوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوە بە فشاری ئەمریکییەکان ئەنجام درابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوای شارەزایان رووداوەکانی سوریا و پاشەکشەی ئێران لەناوچەکە کاریگەری لەسەر خواستی هەردوولا لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەبێت.

بەوپێیەی ئێرانییەکان بەردەوام رۆڵی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە هەبووە.

ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بۆ گەڕێکی نوێ لە ململانێی توند لەگەڵ بەغدا ئامادە دەکات و پەیامی ئەوەی داوەتە شیعەکان گەر بە هەڵوێستەکانیان بەرانبەر بە هەرێم نەچنەوە دەست بۆ بژاردەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەبەن بەڵام دیار نیە یەکێتی لەم پرسەدا هاوڕێیەتی پارتی دەکات یان نا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو