هۆشیار زێباری دەڵێت، ئەمڕۆ لە هەولێر مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەتەوە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکی ئێکس دا دەڵێت: “کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسیی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەفین دزەیی رایگەیاند: “مەبەستمانە ئاسایش بۆ گەشت خەڵکی سووریا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە. هەوڵێک لە ئارادایە ئەو گوشارەی لەسەر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان هەیە کەمتر بێتەوە و بتواندرێت بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بکەن، ئەویش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باش بۆ کورد”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *