مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازی له ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد و هەردولا هاوڕابون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زوترین کاتدا، مەسرور بارزانیش دەڵێت، “هەرێم هەمو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێ کردوە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستوری بنێرێت”.
پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، مەسرور بارزانى پێشوازی له ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد كە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئهمريكا لە هەرێم و سکۆت بۆڵز نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەی بون، پەرەپێدانی پەیوەندیی دولایەنە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە گرنگیی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی وڵاتەکەی کردەوە و هەردولا هاوڕابون لە سەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زوترین کاتدا، چونکە لە بەرژەوەندی هەمو لایەکدایە و وەستانی، زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی عێراق گەیاندوە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بو بە پێویستی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە، “هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بودجەدا جێبەجێکردوە، بۆیە پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستوری بنێرێت”.
دۆخی گشتی سوریا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بو، هەردولا هاوڕابون لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سوریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *