جۆینی تیلیگرام بن

مەسرور بارزانی: ناکرێت هەموو کێشەی خۆمان تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە

مەسرور بارزانی: ناکرێت هەموو کێشەی خۆمان تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە

کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچێت.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای یەکدەنگی لە لایەنە کوردستانییەکان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات “ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە”.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوزەیران لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و بەشێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدارن و بەشێکیشیان نەچوونەتە کۆبوونەوەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی وتی: “ئەم بابەتە حیزبی نییە و پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە هەمووان ئامادە نەبوون تێیدا بەشداربن. بەشدارینەکردن خزمەتی هیچ کەس و حیزبێک ناکات”.

مەسرور بارزانی یەکدەنگی حیزبە کوردستانییەکانی بە گرنگ ناوبرد و وتی: “ناکرێ هەموو کێشەی خۆمان لە بابەتی مووچەدا چڕ بکەینەوە. بەداخەوە، بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە لە قەوارەیەکی زۆر بچووکدا و سەرقاڵمان بکات کە ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا.

راشیگەیاند ئەی نزیکەی 100 ساڵە خەڵکی کوردستان قوربانی دەدات چی بوو؟ تەنیا لە پێناو مووچەدا بوو یان لەپێناو خاک و نیشتمان و ئازادی و یەکسانی بووە؟”

مەسرور بارزانی رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان گرت و وتی: “ئەو مامەڵەیەی بەغدا ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات مامەڵەی کیانێکی فیدراڵی نییە و لەگەڵ پارێزگایەکیش بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ناکەن. رەفتارێکی ستەمکارانە و نادادپەروانەیە و قبووڵکراویش نییە. دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنەکانی یەکگرتوی ئیسلامیی و کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ بەشدارییان نەکرد و وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەوبارەیەوە وتی ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان نەکرد، سەلماندیان کە لە خەمی خەڵک نین و ئازایەتیی قسەی رووبەڕوویان نییە

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو