جۆینی تیلیگرام بن

کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن

کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن

کەسوکار و چالاکوانانی بواری جینۆسایدی ئەنفال لە چەمچەماڵ داوایان کرد، تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕێکخراو و چالاکوانەکانی بواری جینۆسایدی ئەنفال کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سەبارەت بە سەردانیان بۆ سەماوە و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال ئەنجام دا.

لەسەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئارام محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال وتی: ڕۆژانی ٦ و ٧ ئەم مانگە بەشێک لە کەسوکار و ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری ئەنفال لە چەمچەماڵ و کۆیە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چوونەتە پارێزگای سەماوە و سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان کردووە.

لەسەردانەکەیاندا بۆ پارێزگای سەماوە چەند چالاکییەک ئەنجامدراوە لەوانە خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئان و وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب و بە زمانی عەرەبی هۆنراوەیەک پێشکەشکرا، هەروەها پێشکەشکردنی نمایشێکی تایبەت بە جینۆسایدی ئەنفال، وتاری شاندەكە بە زمانی عەرەبی و کوردی خوێنرایەوە.

ئارام محەمەد جەختیکردەوە، ئامانجمان لەم سەردانە جەختکردنەوە بوو لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سەبارەت بە پرسی ئەنفال.

ئاماژەی بەوەشکرد، جێی ڕێز و پێزانینە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەرکی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و وەرگرتنی سامپڵ لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گرتووەتە ئەستۆ و تیمە نیشتیمانییەکانی عێراقیش زیاتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەن.

وتیشی: ڕایدەگەیەنین سێ گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە سنووری “تەلشێخە” لە پارێزگای سەماوە دۆزراوەتەوە و بەڵێن دراوە بەشێوەیەکی زانستییانە بە دوای یەکدا هەڵبدرێتەوە، کە ئەمەش ئاسوودەیی بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبەخشێت.

هەر لە کۆنگرەکەدا ئارام محەمەد وتی: بەناوی ڕێکخراوەکانی ئەنفال و نووسەرانەوە داوا لە کەناڵی “ئاڤامیدیا” دەکەین چیتر تاوانی ئەنفال بچووک نەکاتەوە و داتای ناڕاست لەسەر گەورەیی ئەو تاوانە بەسەر گەلەکەمان هاتووە بڵاونەکاتەوە.

هاوکات هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، جێی داخە دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم ئەرکە هەڵبستایە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕابردوودا پێنج ساڵ ڕووفاتی ١٧٢ ژن و منداڵی کورد لە پزیشکی دادی بەغدا بوون نەهێنرانەوە، لەسەر داواوی ئێمە و کۆکردنەوەی زیاتر لە هەزار واژۆ شاناز ئیبراهیم هاتەسەر هێڵ و کاری بۆ هێنانەوەی ئەو ڕووفاتانە کرد، بەداخەوە دەبوو حکومەت کاری لەسەر بکردایە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو