محەمەد شەیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق ڕایگهیاند، کەسانێک هەوڵیاندا گۆڕانکارییەکانی سوریا ببەستنەوە بە قسەکردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، ئەوەش گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، دهشڵێت، “هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازیمان بەسەردا بسەپێنێت، چ لە بواری ئابوریدا بێت یا ئەمنی، بهڵام دان بەوەدا دەنێین کە پێویستی بە پرۆسەی چاکسازی هەیە لە جومگە جیاجیاکاندا”.
محەمەد شەیاع سودانی ئهمڕۆ شهممه لهمیانی وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر حەکیم لە بەغدادی پایتەخت، ڕایگهیاند، “بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ناوچەکەمان پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە بینیوە، لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی گەورەی لێکەوتوەتەوە، هەر لەسەرەتای ڕوداوەکانی سوریاوە بەپەرۆش بوین، بۆ ئەوەی عێراق لەلایەنگری کردنی لایەنێک یان گروپێک دوربخەینەوە و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سوریا بۆ سورییەکان بەجێبهێڵین”.
ئاماژهی بهوهشكردوه، “کەسانێک هەوڵیاندا گۆڕانکارییەکانی سوریا ببەستنەوە بە قسەکردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، ئەمەش گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، ئێمە سیستەمێکی دیموکراسی فرەییمان هەیە کە هەموان لەخۆدەگرێت، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات مسۆگەر دەکات، هەروەها ڕێگە بە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیەکان دەدات لە ژێر چەتری دەستور و یاسادا”.
سودانی باسی لهوهشكرد، “هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازیمان بەسەردا بسەپێنێت، چ لە بواری ئابووریدا بێت یا ئەمنی، و لەهەمان کاتدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە پێویستی بە پرۆسەی چاکسازی هەیە لە جومگە جیاجیاکاندا”.
ئهوهشی خستهڕو، “پێویستە پێداچونەوەی ئەوە بکەین کە بەدیهاتوە و ئەوەی دواکەوتوین و دەستکەوتەکانیش گەورەتر و زیاتر دەبن، چونکە سیستمێکی سیاسیمان لەسەر بنەمای دەستورێک دامەزراند، کە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان دەکات”.
پهیوهست به پهیوهندیهكانی عێراق لهگهڵ وڵاتان، سودانی وتی، “حکومەتەکەمان پەرۆشە بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەمو وڵاتان، بەپێی پرەنسیپی (دیپلۆماسی بەرهەمدار) و دەستپێکردنی هاوبەشی ئابوری و گەشەپێدان کە عێراق بکاتە خاڵی کۆبونەوەی بەرژەوەندییەکان نەک جێگەی ململانێ و پێکدادان”.
ڕونیشیكردهوه، “لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا کارمان کردوە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و بەڕاوێژ لەگەڵ برایان و دۆستانمان و بەپشتیوانی بەردەوامی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی حکومەت لەم پرۆسەیەدا هەوڵمان داوە”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *