ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرووەکان دەڵێت، لە 23ـی ئەم مانگەوە حەوت منداڵ لە کەرتی غەززە رەقبوونەتەوە.
ریکاردۆ پیرێس، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: “تراژیدیا و قبووڵنەکراوە کە لە 23ـی ئەم مانگەوە حەوت منداڵی تازەلەدایکبوو بەهۆی سەرما و نەبوونی پەناگەوە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.”
بەرپرسەکەی یونیسێف دەشڵێت: “ئەو شێوازی گیانلەدەستدانەی دەتواندرێت رێگری لێبکرێت، ئەو دۆخە نائومێدکەرە نیشان دەدات کە رووبەڕووی خێزانەکان و منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە بووەتەوە.”
یونیسێف هۆشداریشیدا لەوەی کە دەکرێت نزمبوونەوەی پلەی گەرما ببێتە هۆی ئەوەی منداڵی زیاتر لە غەززە بەهۆی سەرماوە گیانلەدەستبدەن.
جگە لە نزمبوونەوەی پلەی گەرما و رەقبوونەوەی منداڵان، یونیسێف ئاماژە بەوەش دەکات، خەڵکی غەززە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی وەکو نەبوونی پەناگە، خۆراک و دامەزراوە تەندرووستییەکان بوونەتەوە.
جەنگی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە لەو رۆژەدا هەزار و 100 کەسیان کوشت. ئیسرائیلیش لەو کاتەوە هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە و لەو کاتەوە 45 هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون.
لەو کاتەوەش جەنگەکە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل گەمارۆی خستووەتە سەر غەززە و 2.3 ملیۆن دانیشتووی لە لێواری برسێتیدان.
21ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بەتۆمەتی “ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی” فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرد.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *