جۆینی تیلیگرام بن

پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران چی بەسەرهات؟

پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران چی بەسەرهات؟

٧رۆژ: رێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ بۆ ماوەی چوار مانگ مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پرۆسەی خوێندنیان راگرت و دواتر بە بەڵێنی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان چوونەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن، ئەوەتا ساڵی ٢٠٢٤یش کۆتایی هات بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە کێشەکانیان چارەسەر نەکراون.

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران و مامۆستا و فەرمانبەرانی نارازیی دەستکردنەوە بوو بە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران کە ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگیراوە.

هەرچەندە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران هاتەوە بەرباس، بەڵام بە ئێستاشەوە نەک هەر ئەو بابەتە چارەسەر نەکراوە بەڵکو مەترسی لەسەر دوو مووچەی کۆتایی ئەمساڵیشیان دروست بووە.

پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بە پێی یاسا کارپێکراوەکان رێکخراوە و راگرتنیشی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نایاساییەو دەکرێت لە هەر قۆناغێکدا بڕیاردەرانی رووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکاتەوە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، زیانەکانی راگرتنی پلەبەرزکردنەوە لەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان ساڵانە بۆ هەر مووچەخۆرێکیان چەند ملیۆن دینارێک دەبێت.

بۆ نمونە ئەگەرهاتوو فەرمانبەرێک شایستەى پلەبەرزکردنەوە بوو لە پلە (4)چوار بۆ پلە (3) سێ و خاوەنى (25) ساڵ راژەى خانەنشینى بوو ئەوا مووچەى خانەنشینیەکەى پەنجا هەزار مانگانە کەمتر دەبێت لەو فەرمانبەرەى لە کاتى خۆیدا پلەبەرزکردنەوەکەى بۆ کراوە بەم جۆرەش فەرمانبەرەکە لە ساڵێکدا شەش سەت هەزار دینار زیانى بەر دەکەوێت.

یان ئەگەر فەرمانبەرێک شایستەى پلەبەرزکردنەوە بوو لە پلە (2)دوو بۆ پلە (1) یەک و خاوەنى (35) ساڵ راژەى خانەنشینى بوو ئەوا مووچەى خانەنشینیەکەى سەد و بیست و شەش هەزار و نۆسەد و پەنجا دینار مانگانە کەمتر دەبێت لەو فەرمانبەرەى لە کاتى خۆیدا پلەبەرزکردنەوەکەى بۆ کراوە.. بەم جۆرەش فەرمانبەرەکە لە ساڵێکدا ملیۆنێک و پێنج سەد و بیست و سێ هەزار و چوار سەد دینار زیانى بەر دەکەوێت.

راگرتنی پلەبەرزکردنەوە تەنیا مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرتوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان، فەرمانبەرانی دادگا و دادوەرەکان پلەبەرزکردنەوەیان رانەگیراوە و بەردەوام لە وادەی خۆیدا شایستەکانیان وەردەگرن.

ئێستا .. مامۆستایان و بەشێک لەفەرمانبەران لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستیان داوەتەوە بایکۆتێکی سەرتاسەری رانەگەیەندراو و یەکێک لە داواکارییەکانیان دوای وەرگرتنی مووچەکانیان، دەستکردنەوەیە بە پلەبەرزکردنەوەیان.. بەڵام دیار نیە ئەم داواکارییە.. کەی جێبەجێ دەکرێت.؟

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو