سەرۆكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، نابێت داهاتی هەرێم بنێردێت بۆ بەغدا، چونكە داهاتی خۆیەتی، ئەگەر لێی زیاد بو با بینێرن، ئەگەر كەمیشە دەبێت بۆی بنێرن، نابێت ئەو بابەتە هەر باس بكرێت، دەشڵێت، “هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان ئەو دو حزبە نیە بۆ ئەوەی حكومەت دروست نەكەن، هەروەها ئێمە پشتیوانی لە ئۆجەلان دەكەین، ئەگەر توركیا بیەوێت چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا بكات، دەبێت ئەو ئازاد بكات”.
محەمەد حاجی مەحمود، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند، نابێت داهاتی هەرێم بنێردێت بۆ بەغدا، چونكە داهاتی خۆیەتی، ئەگەر لێی زیاد بوو با بینێرن، ئەگەر كەمیشە دەبێت بۆی بنێرن، جەختیشی کردەوە هەڵەیە و نابێت داهاتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەگەر رێككەوتنیش كرابێت لەسەر ئەو بابەتە هەڵەیە و، نابێت ئەو بابەتە هەر باس بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، “پێم وانیە داهاتی هەرێمی كوردستان كەمبێت، ئەگەر هەرێم داهاتەكانی رێكبخاتەوە و بیخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بەبێ دەستكاری، بەشی خۆی دەكات و ئەتوانێت موچەی موچەخۆرانی بدات، پێش 2003 هەرێم نە نەوتی هەناردە دەكرد و نە لەلایەن بەغدا و ئەمریكاشەوە پارەی بۆ دەهات، بەڵام موچەی موچەخۆرانی دەدا”.
محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوەشكرد، “یەكێتی و پارتی هیچ چارەیەكیان نیە دەبێت رێكبكەون، یەكێتی یان پارتی بە تەنیا هەر (100) كورسیەكەش بهێنێت، ناتوانێت حوكمداری كوردستان بكات، ئەوە واقیعێكەو هەیە، بۆیە تەنها چارەیەك ئەوەیە پێكەوە ڕێكبكەون و ئەوەش بۆ خۆیان و عێراق و ئەمریكا و ڕوداوەكانی ناوچەكانی باشە، و هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان ئەو دو حزبە نیە بۆ ئەوەی حكومەت دروست نەكەن”.
ئەوەشی خستەڕو، “ئێمە پشتیوانی لە بەڕێز ئۆجەلان دەكەین، ئەگەر توركیا بیەوێت چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا بكات، دەبێت لەگەڵ ئۆجەلاندا بیكات، تا ئۆجەلانیش ئازاد نەبێت بڕواناكەم ئاشتی بەرقەرار بێت، بەهیوان توركیا بر لەوەبكاتەوە كە ڕێككەوێت لەگەڵ كوردا و ئۆجەلانیش ئازاد بكات و لە شارەێكی كوردی یان ئەنقەرە نیشتەجێبێت، بۆیە باشترین چارەسەر گفتوگۆ و ڕێككەوتنی ئاشتیانەیە لە توركیا”.
محەمەد حاجی مەحمود ڕونیكردەوە، “ئێستا سوریا ژێرخانی ئابوری و سەربازی نەماوە، دوای ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد ئیسرائیل هەمو ژێرخانی سەربازی و چەكی قورسی ئەو وڵاتەی لەناوبرد، بۆیە پێویستە سوریا سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە، ئەو وڵاتە لە ڕوی ئابوری و سەربازییەوە هەڵوەشاوەتەوە و ڕەنگی لە ڕوی كۆمەڵایەتیشەوە هەندێك گرفتی هەبێت”.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *