هەواڵی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بە سەرکردەکانی کورد گەیشتووە؟
بۆچی زۆرینەی سەرۆک و سەرکردەکانی باشوری کوردستان لەئاست گۆڕە بەکۆمەڵەکان بێدەنگن؟
ماوەی چەند رۆژێکە لە بیابانە کاکی بە کاکییەکانی عێراق دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە کە تەواوی قوربانییەکانی ژن و منداڵن کەچی هیچ کام لە بەرپرسانی کورد بە وشەیەکیش باسیان نەکردووە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە پارێزگای سەماوە هەڵدەدرێتەوە کە سەرەتای ئەمساڵ لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دۆزراوەتەوە.
بێدەنگی بەرپرسانی کورد لە ئاست جینۆساید و کارەساتەکانی گەلی کورد نوێ نیە و بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە.
لە دوو ڕۆژی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی هاوخەمی بەبۆنەی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەوە بڵاوکردەوە، بەرپرسانی کورد تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەستیان بە ئیحراج بوون نەکرد و دیسان هەر بە بێدەنگی مانەوە.
گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەیان جۆر کارەساتی گەورەی بەسەردا هاتووە، بە بڕوای شارەزایان هەر یەکێک لەو کارەساتانە دەکرا ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی گەلی کورد بگاتە کەناری ئارامی و مەترسی دوژمنەکانی لەسەر نەمێنێت.
یەکێک لەو هەڵە ستراتیژیانەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی بەرانبەر ئەو کارەساتانە ئەنجامیان داوە ئەوە بوو نەیانتوانیوە دۆسیەکان ببنە دادگا نێودەوڵەتییەکان و لەوێ لە بەرژەوەندی گەلەکەیان کۆتایی پێ بهێنن.
بەڵکو ئەوەی چاویان لەسەری بووە تەنیا ململانێ و ملشکاندی یەکدی بووە و لە پاڵ ئەو ململانێیانەشدا خۆیان و بنەماڵەکانیان پێ دەوڵەمەند و خانەدان کردووە.
ئەوەتا کارەساتێکی وەک جینۆسایدی گەرمیانی و بارزانییەکان کە تێیدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤ کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و پیاوی بە تەمەن بوون زیندە بەچاڵ کران بە ئێستاشەوە نەتوانراوە حکوومەتی عێراق ناچار بکرێت قەرەبووی ئەو قوربانیانە بکاتەوە.
حکوومەتی ئێستای عێراق میراتگری ئەو حکوومەتەیە کە کارەساتە یەک لە دوای یەکەکانی بەسەر گەلی کورد هێناوە.
بەڵام لەبەرئەوەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی ئەوەندە چاویان لە شەڕی ناوخۆ و لەناوبردنی یەکتر بووە، بیریان لەوە نەکردووەتەوە ئەو دۆسیانە ببەنە دادگا نێودەوڵەتییەکان.
مەزەندە دەکرێت ئەو ناوچەیەی کە گۆڕە بە کۆمەڵەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، ١٥٠ گۆڕی دیکەی ژن و منداڵانی کورد و هاوشێوەی تێدا بێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *