جۆینی تیلیگرام بن

قوباد تاڵەبانی: لەمەودوا سیستمی پاداشت و سزا جێبەجێ دەکرێت

قوباد تاڵەبانی: لەمەودوا سیستمی پاداشت و سزا جێبەجێ دەکرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ ئەدای بەڕێوەبەرەکان کراوە، گۆڕانکاری پێویست لە پۆستەکاندا دەکرێت، هەروەها دەشڵێت، “لەمەودوا سیستمی پاداش و سزا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دودڵییەک سزا دەدرێت”.

قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێی ئیدارەی راپەڕین ڕایگەیاند، خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین ئامانجی سەرەکی ئەوانە و ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییانیش پێوەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبونی هەر بەرپرسێک لە پۆستەکەیدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە ئەدای بەرپرسانی حکومی لە ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کردوە و هەڵسەنگاندنی ورد کراوە بۆ ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییان لە ئەدای بەرپرسەکان و دەرکەوتوە دانیشتوانی دەڤەرەکە لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسان رازی نین.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، لەمەودوا سیستمی پاداشت و سزا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەو بەرپرسانەشی کرد کە لەماوەی رابردودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەڕاندوە و جێی متمانەی هاوڵاتییان بون، داوایکرد زیاتر خۆیان ماندو بکەن و چی پێویست بو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان درێخی نەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی خزمەتگوزاریی لە دەڤەری راپەڕین کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا، بە هەمو تواناوە هەوڵ دەدەن ئەو پڕۆژانەی کە هێشتا تەواو نەکراون لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێن.

وتیشی، “پابەندین بەو بەڵێنانەی بە دانیشتوانی دەڤەرەکەمان داوە و هەوڵی تەواو دەدەین داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا جێبەجێ بکرێت و کارئاسانی تەواویش بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت”.

لە تەوەرێکی دیکەدا ئاماژەی بە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و رونی کردەوە، هەمو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت تا بتوانرێت کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو