٧ڕۆژ
ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لەباکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێشخەرییەکى بۆ بنیادنانی سووریای نوێ راگەیاند كە لە دە خاڵ پێكهاتووە و و تێیدا هاتووە پێویستە گەرەنتیی گەڕانەوەی خەڵکی رەسەن و ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و پارێزگاری لە کولتووریان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا بكرێت.
ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لەباکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێشخەرییەکى بۆ بنیادنانی سووریای نوێ راگەیاند كە لە دە خاڵ پێكهاتووە.
یەکەم– پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپەکانی سەر بە تورکیا.
دووەم- وەستاندنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە خاکی سووریا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتمانیی فراوان و بنیادنەر.
سێیەم- گرتنەبەری هەڵوێستی لێبوردەیی و دوورکەوتنەوە لە گوتاری رق ئامێز و دووبەرەکی نێوان سوورییەکان، چونکە سووریا دەوڵەمەندە بە سەرجەم پێکهاتەکانی و پێویستە پارێزگاری لێبکرێت.
چوارەم- ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کە سەرجەم هێزە سیاسییەکانی سووریا لە دیمەشق تیایدا بەشداربن بۆ یەکخستنەوەی ڕوانگە و دیدی ماوەی راگوزەر.
پێنجەم- بەشداریی چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی سیاسی.
شەشەم- جەخت لە دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان دەکەینەوە بەشێوەیەکی یەکسان لە ناوچەکانی سووریا، بەوپێیەی موڵکی هەمووانە.
حەوتەم- گەرەنتیی گەڕانەوەی خەڵکی رەسەن و ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و پارێزگاری لە کولتووریان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا.
هەشتەم- لەگەڵ ئەم پێشهاتانەی سووریا بەردەوامدەبین لە دژایەتیی تیرۆر بۆ گەرەنتی نەگەڕانەوەی داعش بە هاوکاریی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
نۆیەم– کۆتاییهێنان بە دیاردەی داگیرکاری، بڕیار بدرێتە دەست گەل بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی دیاریبکات و بنەمای دراوسێیەتى باشیش جێبەجێبکرێت.
دەیەم- پێشوازیی لە هەوڵی بنیادنەرانەی وڵاتانی عەرەبى، نەتەوەییەکگرتووەکان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەموو کاراکتەرە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لەبارەی دۆخی سووریا دەکەین، هانیان دەدەین رۆڵی ئەرێنییان هەبێت لە پێدانی راوێژ بە خەڵکی سووریا و نزیککردنەوەی دیدەکان لەنێوان پێکهاتەکان بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری زامن بێت، دەستوەردانی دەرەکیی لە دۆخی سووریا نەمێنێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *