جۆینی تیلیگرام بن

توانا و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران چی بەسەر ئەو وڵاتەدا دەهێنێت؟

توانا و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران چی بەسەر ئەو وڵاتەدا دەهێنێت؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە؟

چیرۆکی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران کە چەندین ساڵە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەخۆیەوە گیرۆدە کردووە خەریکە بە لایەکدا دەکەوێت، یان ئێران ئەتۆمی بوونی خۆی رادەگەیەنێت یاخود دەکرێتە ئامانجی گورزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

لەگەڵ کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و حیزبوڵڵا لە لوبنان دەنگۆی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پەرەی سەندووە.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی رۆژی رابردوو بڵاویکردەوە تیمی تڕەمپ تاوتوێی ژمارەیەک بژاردە بۆ رێگری کردنی ئێران لە گەیشتن بە چەکی ناوەکی دەکات لەناویاندا وەشاندنی گورزێکی بەهێزی سەربازیی.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئێستا بژاردەی هێرشی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی تیمی گواستنەوەی ترەمپ لە ژێر پێداچوونەوەی جددیتردایە.

بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە دوای ئەوە هات ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیادکردووە.

بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە ، ئیسرائیل پێی وایە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و لاوازبوونی هێزی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کە بە بەرەی موقاومە ناسراون، دەرفەتێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران ڕەخساوەو هاتۆتە پێش.

ئەم هەنگاوانەی ئیسرائیل و ئەمریکا دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئێران خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لە 60% بەرزکردووەتەوە کە تەنیا 90%ی پێویستە بۆ دروستکردن و گەیشتن بە چەکی ئەتۆم.

خێراتر کردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دوای ئەو کەوتنە یەک لە دوای یەکانە دێت کە گرووپە وەلائییەکانی و هاوپەیمانەکانی رووبەڕوویان بووەتەوە.

بە گوێرەی شیکەرەوانی دۆخەکە، ئەو ئاڵۆزییانەی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەبوون پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە هەبووە کە نوێترینیان شەڕی غەززە بوو.

بۆیە پێشبینی دەکرێت هەنگاوی دواتر یان راگەیاندنی بوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمە لەلایەن ئێران یان لێدانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی و کۆتاییهێنانە بە چیرۆکی چەندین ساڵەی ئەو دۆسیەیە.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی ئێران هۆشداری ئەوەیان داوە هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کاردانەوەی توند و خێرایان دەبێت بەرانبەر بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەناوچەکەدا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو