جۆینی تیلیگرام بن

ئایا زیندانی نهێنی و نەناسراو لە هەرێم بوونی هەیە؟

ئایا زیندانی نهێنی و نەناسراو لە هەرێم بوونی هەیە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

کەوتنی ئەسەد و بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی ناو زیندانەکانی رژێمەکە جارێکی دیکە پرسی بوونی زیندانی نهێنی لە هەرێمی کوردستان هێناوەتەوە بەرباس.

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەکانی ناو زیندانەکانی رژێمی سوریا ئەوەندەی دیکە رق و توڕەیی خەڵکی بەرانبەر بەو رژێمە زیاتر کردووە.

بەڵام ئەوەی بووەتە جێگای پرسیاری جددی ئایا لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی رژێمەکانی بەعسی سوریا و بەعسی عێراق زیندانی نهێنی بۆ ئەشکەنجە و لەناوبردن بوونی هەیە؟

ئەم دۆسیەیە ماوەی چەند ساڵێکە ناو بە ناو دێتە ناو میدیاکان و قسەی لەسەر دەکرێت، بە تایبەت لەو کاتانەدا کە دۆسیەیەکی هاوشێوە دەکرێتەوە و دەبێتە جێگەی مشتومڕی هاووڵاتیان.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە پێشتر لەلایەن رێکخراوەکان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، ٣٩٠ کەس لە هەرێمی کوردستان وەک بێسەروشوێن بوونیان هەیە و تا ئێستا لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

بەشێکی زۆری بێ سەروشوێن بووەکان پەیوەندییان بە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەیە کە ئەو کات زیاتر هاوشیوەی دوو میلیشیای چەکدار مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر کردووە.

ئەوەتا سالی ٢٠١٤ ئەو کاتەی سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان بووە، چەند جارێک لە نوسین و چاوپێکەوتنەکانیدا باسی لەوەکردووە کە زیندانی نهێنی و شاراوە لە هەرێم بوونیان هەیە.

ئەو بێسەروشوێنکراوانە تا ئێستا نە تەرمیان هەیە، نە دەزانرێت لە ژیاندا ماون یان کوژراون، بەرپرسە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتیش بەردەوام خۆیان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دزیوەتەوە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، بێ سەروشوێنبووەکانی ناو هەرێم بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشبوون، هەر لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی، شەڕی پارتی و یەکێتی لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکان، شەڕی پارتی و یەکێتی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە و دوایین قۆناغیش دوای ئازادکردنی عێراق و گەڕانەوەی کوردە بۆ کەرکووک.

لە هەرێمی کوردستان دەزگا هەواڵگرییەکان بەسەر پارتی و یەکێتیدا دابەش بوون و بە ئێستاشەوە نەتوانراوە یەک بخرێن، بۆیە هەر کام لەم دەزگایانە خاوەن هێز و زیندانی تایبەت بە خۆیانن.

ئەم دەزگا هەواڵگریانە بنکە سەرەکییەکانیان تا ئێستاش لای رێکخراوە ناوخۆییەکان و لیژنەکانی تایبەتمەند بە مافی مرۆڤ لە هەرێم روون نین چ بگات بە زیندانێک کە ئەم دەزگایانە بنیاتیان نابێت بۆیە تا ئەو کاتەی چارەنووسی بێ سەروشوێنکراوەکان ئاشکرا نەکرێت گومانی بوونی زیندانی نهێنی و حیزبی لە هەرێم ناڕەوێتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو