٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
شاری حەما ئەو شارەی هەزاران مرۆڤی بە بێ دەنگی تێدا کۆمەڵکوژ کرا
ساڵی ۱۹۸۲ بەهۆی ناڕەزایەتی دانیشتوانی شاری حەما و ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلمین دژ بە ڕژێمی حافز ئەسەدی باوكی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئێستای ڕژێمی سوریا زنجیرەیەک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی فراوان شارەکەی گرتەوە، بەهۆیەوە رژێمی ئەو کات دەستی بە کۆمەڵکوژکردنی دانیشتوانی شارەکە کرد.
بە گوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکان کۆمەڵکوژییەکە لە ٢ی شوباتی ١٩٨٢ دەستی پێکرد و ٢٧ ڕۆژی خایاند و دەیان هەزار هاووڵاتی دانیشتووی ئەو شارە کوژران و هەزارانی دیکەش بێ سەروشوێن کران.
دوای پەرەسەندنی نارەزاییەتییەکان و شکستهێنانی هەوڵی کوشتنی حافز ئەسەد، پلانی کۆمەڵکوژکردنی شارەکە لەلایەن رژێمەوە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی رێکخستنەکانی ئیخوان موسلمین داڕێژرا.
ڕژێمی سوریا هێزێکی زۆری بە بەشداری هەموو لیواو یەکەکانی سوپا کۆکردەوە بۆ لێدان و گەمارۆدانی شارەکە .
سەرەتا سەرجەم ڕێگا سەرەکییەکان ودەروزاەکانی شارەکە داخران، هاتوچۆ بە تەواوی بۆ ناو شارەکە قەدەغەکرا، دواتر بە ١٢ هەزار سەربازەوە گەمارۆ درا.
ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە ژێر ناو کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەما لە دەست یاخیبوەکان راگەیەندرا و تۆپبارانی چڕی گەڕەک و کۆڵانەکان دەستی پێ کرد.
بۆ ماوەی ٢٧ رۆژ بە بێ وەستان بۆردوومانی ناو شارەکە کرا، بە گوێرەی ئامارەکان ٣٠ تا ٤٠ هەزار کەس کوژران کە زۆرینەی رەهایان خەڵکی مەدەنی شارەکە بوون.
زۆربەی کوژراوەکان لە کاتی چوونە ناوەوەی سوپا بۆ ناو شارەکە بە کۆمەڵ کوژران و لە گۆڕی بە کۆمەڵکدا کرانە ژێر خاکەوە، تەنیا رێگە بە خەڵکی پەککەوتەو بە تەمەن دەدرا دەباز بن گەنج و پیاوەکان دەدرانە بەر دەستڕێژی گوللـە و دەکوژران.
بە هۆی ئەو ئۆپراسیۆنە خوێناییە سەختەوە یەک لەسەر سێی گەڕەکەکانی شارەکە بە تەواوی خاپوور بوون، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانەکەی هەڵهاتن و شارەکەیان بە یەکجاری جێهێشت.
زۆرینەی دانیشتوانی ئێستای شارەکە کەسوکار و رزگاربوانی قوربانییەکانی ئەو کارەساتە خوێناویەن هەر بۆیە بە رووخانی رژێمەکە کاردانەوەیان جیاوازبوو، دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد، پەیکەرەکانی ئەسەدیان داگرت و بە شەقامەکاندا دەیانگێڕا.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *