٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کاتێک قەیرانی دارایی دەستی پێکرد، ژمارەیەک بەرپرسی دەستڕۆیشتووی ئەمنی و هەواڵگری دەستیان دایە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بە هەزاران ئۆتۆمبێلی بڕاوەیان بە قاچاخ و بە دەروازە فەرمییەکاندا هاوردەی هەرێمی کوردستان کرد.
لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە گەیشتوەتە سەر و ٧٠ هەزار ئۆتۆمبێل و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی دەستەوەستان کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ ناسنامەیەکیان نیە و زۆرینەیان بە بڕاوەیی هێنراونەتە هەرێم و دواتر پێکەوە بەستراونەتەوە.
زۆرینەی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەکەونە زۆنی سەوزەوە، بەهۆی هەرزانی نرخەکانیان بە ئاسانی دەستاو دەستیان پێ دەکرێت.
زیاتر ئەو کەسانە مامەڵەیان پێوە دەکەن کە توانای کڕینی ئۆتۆمبێلێکی خاوەن تابلۆیان نیە یان خواستی ئەوەیان هەیە خۆیان لە سزا داراییە زۆرەکانی هاتوچۆ بپارێزن.
لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە راگەیەندراوێک بەناوی لیژنەی ئەمنیی شارەکەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا هەڕەشەی دەستبەسەردا گرتن و رێگەنەدان بە هاتوچۆ کردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە کرا.
لە بازگەکانی شاری سلێمانی رێگە بە هاتنە ناوەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە نەدرا.
هەرچەندە لە رابردوودا چەندین جار بڕیاری هاوشێوە دراوە بەڵام بە ئێستاشەوە نەتوانراوە رێگە لە هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانە بگیرێ.
لە ئێستادا کە بڕیارێکی نوێ دەرچووە، لە پێشانگاکانی سلێمانی بە هەزاران ئۆتۆمبێلی لەو شێوەیە راگیراون و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.
بە پێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، بەهۆی رێگەدان بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و بێ سەرەتا بەشێک لە هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لە سزا زۆر و نایاساییەکانی هاتوچۆ بە دیاریکراوی سزای کامێرای پۆینت و پۆینت.. تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان لێ کردووەتەوە و تابلۆی رەشیان لێ بەستوون، ئەم تابلۆ رەشانە زیاتر بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەوەیە.
جیا لەوە ئەم تابلۆیانە بە ئاسانی دەگۆردرێن و خاوەنەکانیان دەتوانن هەر رۆژە و تابلۆیەکی ساختە ببەستن بەوەش دەتوانن خۆیان لە هەر تاوانێک کە لە رێگەی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە ئەنجامی بدەن دەرباز بکەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان ئەم ئۆتۆمبێلانە هەڵدەگرن.
بۆیە ئەو قەیرانەی ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ناو دەزگا ئەمنییەکان دروستیان کردووە بە ئاسانی چارەسەر نابێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *