جۆینی تیلیگرام بن

لە سوریا چی دەگوزەرێت..؟

لە سوریا چی دەگوزەرێت..؟

عومەر خەتات

 ئەوەی لە سوریــا دەگوزەرێت نە جەنگی ناوخۆیە بە تاریفی میــدیای باو و نە جەنگی دژی دیکتـــاتۆریەتی بەشــار ئەسەد. بەڵکو شــانۆیەکە بۆ ســاخکردنەوەی کێشمەکێشە ناوچەیی و جیهـــانییەکان. هەریەکە لە هێزە بەشداربووەکانی ناو ئەم کێشمەکێشە بە شوێن ساخکردنەوەی بەرژەوەندییە ســیاسی و ئابوورییەکانیانن. بەڵام بۆچی بە جەنگ؟ چونکە بەشــێکی زۆر ئەو کێشمەکێشـــانە درەنگ دێــنەدەســت و جەنگ کاراترین کردارە کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ناوچەیە لە دۆخێکی گەرمدا ڕابگرێت.

ڕووداوەکانی ئێســتای ناو سوریا، یەکێکە لە کێشمەکێشە ساخنەبووەوە و گرنگەکانی “پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” کە بریتیــیە لە پلانێکی ستراتیژی بۆ دووبارە داڕشــتنەوەی نەخشەی جیۆپۆلەتیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاســت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و خۆرئاوا دەکات! بنەمای ئەم پڕۆژەیە تەنها لە پێناسە کردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە ئیسرائیلەوە نییە، تەنهــا ململانێی سەربازی یان سیاسی نیــیە، بەڵکو ئابووری و بازاڕ و قازانج و ســیستەمی ئیـــداری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی عەرەبی لە خۆ دەگرێت. بێگوومــان ئەم پرۆژەیە بەبێ لاواز کردنی قوتبێکی تر کە ئەوانیش یاریزانی ناوچەکەن ئیمکانی نابێت، قوتبی ڕوســیا، چین، ئێران ئەو هێزانەن کە دەبێ وەلا بنرێن و هەژموونیـــان لاواز بکرێت.

ڕژێمی فاشــیستی تورکیـــا، وەك هێزێکی گەورەی ناتۆ و وەك هاوپەیمانی بە ئەمەکی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم نێوەدا ڕۆڵی جێبەجی کردنی پرۆژەیەکی لەسەرە کە بڕیارەکەی لە تەلئەڤیڤ و واشینتۆنەوە دەردەچێت. بە جیـــا لەوەی ڕژێمە فاشیستەکەی ئەردۆگان دژی کوردە و هیچ هەوڵێك لەدەســت نادات بۆ دژایەتی کردن و لە ناو بردنی ئیرادەی خەڵکی کوردســتان بە تایبەتی لە ڕۆژئاڤا کە ساڵەهایە دژایەتی دەکات، بەڵام ئەویش، خاوەنی سوپایەکی گەورەی ئیسلامی داعشــییە و لەڕێی ئەم هێزە وەحشــیانەوە توانای ئەوەی هەیە هەم پرۆژەی رۆژئاڤا لەناو بەرێت و هەمیش پرۆژەی داڕشــتنەوەی خۆرهەڵاتی نوێ خێراتر بکات و ببێــتە یاریزانێکی گەورەی ڕووداوەکان

 ئەوەی کە لێرەو لەوێ بڵاو دەکرێـــتەوە لەسەر ڕێکەوتنی ئەمریکا و ڕوســیا لەسەر ئۆکراینا و سوریــا، دەشــێ ڕاست بێت بەڵام ئەوەی زیاتر ڕێیی تێێدەچێت ڕێکەوتنی ئەمریکا، تورکیــا و ئیسرائیلە لەسەر ئاســتی سوریا بۆ نەهێشـــتنی هەژموونی ئێران و بچووكکردنەوەی ڕۆڵی چیــن و پەرشوبڵاوە پێکردنی کارتەکانی ڕوســیایە، ئەمەش بە درێژکردنەوەی جەنگ دەکرێت مەیسەر بکرێت، جا لەم جەنگەدا چەند دەکوژرێت و چەند ئاوارە و بێ دایك و باوك دەکرێت و چەند خوێـــنی بێتاوانی تیا دەڕێژرێت بۆ پلانداڕێژەرانی ئەم پرۆژەیە گرنگ نیــیە.

ئەوەی دەگەڕێــتەوە بۆ رۆژئاڤا. ڕۆژئاڤا و خەڵکەکەی لەبەردەم ئەگەری تـــیاچوون و  چارەنووســێکی ڕەشــدایە. هیــچ کاتێك رۆژئاڤا بە قەد ئێســتا پێویستی بە هاوکاریی و کۆمەك و هاوپشــتی نەبووە. رۆژئاڤا بۆ ئێمە ســیمبوڵێکی خەباتکارانەیە و دەبێت بە سەرکەوتن بگات، ئەمەش لە رێگەی بزووتنەوەیەکی هاوپشــتیی نێونەتەوەییەوە دەتوانێت مەیسەر بێت. هەر کۆمەکێــكی ماڵی، هەر چوونە خۆپیشاندانێك، نووســینی تەنهــا ووشەیەكیش دەتوانێت کۆمەكکەر بێت.

دڵمـــان لەگەڵ رۆژئــــاڤا لێـــدەدات..

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو